لاهوور شێخ جەنگی: پێم راگەیێندراوە کوردستان بەجێبهێڵم

02-08-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، دوای دانبەخۆداگرتنێکی زۆر لەپێناو ئاسایشی شاری سلێمانی، لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی "نائومێد" بووە و "بڕیارمدا کە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگەی سلێمانی و داوا بکەم کە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە رێگەی دادگەوە یەکلایی بکرێتەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، لاهوور شێخ جەنگی پەیامەکەی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، پێی راگەیێندراوە کە کوردستان بەجێبهێڵێت، دەشڵێت، "وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم و لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک رووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تاوەکو دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بە جێنەهێڵم." 
لاهوور شێخ جەنگی رووداوەکانی رۆژی هەشتی تەممووز بە "پیلانگێڕییەکی مەترسیدار" ناودەبات و دەڵێت، "هەوڵمدا لەڕێگەی دیالۆگ و رێڕەوی حیزبییەوە چارەسەر بکرێت، هەر لەو پێناوەشدا ئامادەییم نیشاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتە تەنفیزییەکانی خۆم رادەستی هەڤاڵی هاوسەرۆک بکەم بە مەرجێک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حیزبی پێکبهێندرێت بۆ دەرخستنی راستی و دروستیی ئەو تۆمەتانەی کە لێرە و لەوێ دەخرێنە پاڵ بەندە، بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی رێگریکردنەوە حیزبەکەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێکبهێنن."

هاوسەرۆکی یەکێتی کە ئێستا بەشێک لە دەسەڵاتەکانی لێوەرگیراوەتەوە، لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، "بەندەش دەمتوانی نەک لەڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵکو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر کاری قێزەون هەڵبگرم، لەسەر ئەو کەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە."

لاهوور شێخ جەنگی گوتوویەتی، "دەمەوێت لێرەوە ئەندام و کادر و لایەنگران و کۆمەڵانی خەڵک ئاگاداربکەمەوە کە ئێستا پێم راگەیێندراوە کوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم [و] لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک رووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بە جێنەهێڵم." 
 
دەقی پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی: 
 
پەیامێک لە لاهور شێخ جەنگییەوە
بە ناوی خوای گەورە و مهیرەبان
 
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر و هێزەکانی ناوخۆ، ئەندامان و کادران و لایەنگرانی یەکێتیی و جەماوەری خەڵکی کوردستان.
 
سڵاوی خۆڕاگری و ئەمەکداریتان لێ بێت
 
دوای دانبەخۆداگرتنێکی زۆر لە پێناو ئاسایشی شاری سلێمانی خۆشەویست و هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای پیلانگێڕیی ٨ـی تەمووز کە بەندە هەوڵمدا لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێڕەوی حزبییەوە چارەسەر بکرێت، هەر لەو پێناوەشدا ئامادەییم نیشاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتە تەنفیزییەکانی خۆم ڕادەستی هەڤاڵی هاوسەرۆک بکەم بە مەرجێک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حزبی پێکبهێندرێت بۆ دەرخستنی ڕاستی و دروستیی ئەو تۆمەتانەی کە لێرە و لەوێ دەخرێنە پاڵ بەندە، بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی ڕێگریکردنەوە حزبەکەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێک بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەم بڕیارمدا کە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بکەم کە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
بەندەش دەمتوانی نەک لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵکو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر کاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو کەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم کە کارێکی لەم جۆرە بکەم، لە ئێستاشدا کە هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی دژوارتری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕ دەبێت و میللەتەکەمان بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو حزبانەی کە لە دەسەڵاتن بە حزبەکەی خۆشمەوە کەوتوونەتە ژێر بارێکی زۆر قورس، بەندە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد ئەرکی سەرشانی میللەتەکەم گرانتر بکەین، گەر بمزانیایە کێشەی میللەتەکەم و بنبڕکردنی گەندەڵی بە وازهێنانی لاهوری شێخ جەنگی و دوورکەوتنەوەی لە وڵات کۆتایی پێدێت ئەوا دڵنیابن بەندە دەمێک بوو ئەو کارەم ئەنجام دابوو.بۆیە دەمەوێت گەلەکەم هۆشیار بکەمەوە، ئەو پیلانگێڕییەی کە لە ئارادایە زۆر مەترسیدارترە لەوەی کە باسی لێوە دەکرێت، ئێمە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو هەوڵی ئەوەمان دابوو کە یەکێتیی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ حزبێکی ترەوە، لە هەمان کاتدا هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی یەکێتییمان دەستنیشان کردبوو، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووین بکەوینە ژێر کاریگەریی پیلانگێڕییە ئیقلیمییەکان و بە هەموو هێزی خۆمان هەوڵمان دابوو کە زۆنی سەوز بپارێزین و سەروەریی یاسا و ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و ئاسایش و ئۆقرەیی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی خۆمان دابین بکەین، لەو پێناوەشدا باجی زۆرماندا، ئەم پیلانگێڕییەش بەشێکە لەو باجەی کە دەبوایە بیدەین، بە ئامانجگرتنی بەندەش تەنها سەرەتای ئەو پیلانگێڕییەیە، ئەگینا چەندین کردەوەی مەترسیدارتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
 
دەمەوێت لێرەوە ئەندام و کادر و لایەنگران و کۆمەڵانی خەڵک ئاگاداربکەمەوە کە لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە کوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بە جێنەهێڵم، هەرچی لە دەستم بێت بە پشتیوانیی دڵسۆزان و ئێوەی کۆمەڵانی خەڵک ئەنجامی بدەم بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی کە هەرێمەکەمانی تێکەوتووە، چونکە من بڕیارم دابوو کە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بم.
 
هەر شاد و سەربەرز و سەرفراز بن
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان. وێنە: ئەرشیڤ

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کرماشان دەستیانپێکردەوە

میدیای فەرمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی ئایار، بڵاویکردەوە، دوای 65 رۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان، گەشتە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردەوە و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەش دەڵێ، ئامادەکاریی تەواویان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتەکان کردووە