رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی یەکێتی گۆڕانکارییەکان نێوخۆی حیزبەکە و پارێزگای سلێمانی بە "راستکردنەوەی رێڕەو" ناودەبات و رایدەگەیێنێت؛ چیدیکە رێوڕەسمی حیزبی پایەدار دەبێت، نەک سێبەر و تارمایی نادیاری نا حیزبی، کە راسپاردە و بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیاڵمیدیاوە وەربگرێت.
رۆژی 24-7-2021 رۆژنامەی کوردستانی نوێ سەروتارێکی لەژێر ناونیشانی "راستکردنەوەی رێڕەو" بڵاوکردووەتەوە و لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی حیزبەکە ئاماژە بەوە دراوە، "ئەوەی هەیە راستکردنەوەی رێڕەوە. رێڕەوی یەکێتی و رێڕەوی ئیدارە و حوکمڕانی لە سلێمانی و زۆنی سەوز و بەرپرسیارێتی یەکێتی لە تەواوی کوردستاندا".
لەبارەی کاردانەوە و رەخنەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆڕانکارییەکان دەگیرێت، لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "با کەس بە هاشوهوشی ساختەی پەیج و سایت و سێبەری سۆشیاڵمیدیایی پارەدارکراو لە قووتی هەڤاڵانی یەکێتی چەواشە نەبێت و با کەسیش تەراویلکەی ناڕاست لەسەر هیچ شتێک هەڵنەچنێ."
لە وتارەکدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دراوەتەوە کە گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی حیزبەکە دەستی دەرەکی تێدایە و تێیدا هاتووە: "ئەسڵی بابەتەکە (تیۆری پلانگێری) هەرزان و گوتاری دەستی دووژمنانی دەرەکی نییە. چونکە لە فەرهەنگی سیاسیی رۆژهەڵاتیدا دەیان ساڵ هەموو چاکسازییەک دەکرایە ئەنگیزەی پیلانگێڕیی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و… کۆمەڵێ یزمی دیکە. ئێستاش مۆدی دەستی دەرەکی و هەرێمییە، بۆ ئەوەی دەستی سەوزی بچووکترین چاکسازی، گۆڕانکاریی یاسایی و ئاسایی بگرن و بیچەمێننەوە. ئەمەی روویداوە و هی دیکەش کە روودەدەن دەستی سپی چاکسازییە، دەستی سەوزی یەکێتییە بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و گوزەران و جووڵەی سیاسیی نۆرماڵ لە زۆنی سەوزدا".
رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ رێککەوتنێک نەکران. بەڵام لە کۆبوونەوەی 15-07-2021ـی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە بڕیاردرا دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەربگیرێتەوە و بدرێتە بافڵ تاڵەبانی.
لە بەشێكی دیکەی سەروتارەکدا هاتووە، "وەک کوردستان و وەک یەکێتیش بە کەمترین تەقەللا و بە کەمترین ئازارێک، کە لە حوکمی نەبوودایە، لێی دەرچووین و ئەم چاکسازیی و گۆڕانکارییە راستەڕێی خۆی گرتووەتەبەر".
پێشتر بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا بۆ یەکەمجار لە دوای گرژییەکانی نێوان هاوسەرۆکان دەستەواژەی "یەکێتیی نوێ" بەکارهێنا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دروستبوونی سەردەمێکی نوێ لەنێو یەکێتیدا، لە سەروتارەکەشدا ئاماژە بە هەمان دەستەواژە دراوە و دەڵێت، "ئەم رێڕەوە حیزب دەکاتەوە بە دامەزراوەیەکی مەدەنی.. جەماوەری یەکێتی بۆ کار و تێکۆشانی حیزبی هان دەدەن بەرەو 'یەکێتی نوێ".
لە وتارەکەدا دواکەوتنی گۆرانکارییەکان بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە بە شێنەیی گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکرێت و هاتووە: "لە بنچینەدا ئەم رێڕەوە راستەی چاکسازی بۆیە دواکەوت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بێت کە کەمترین زیان و بەریەککەوتنی تێدا بێت، بە وەستایی و شێنەیی گۆڕانکارییەکە جێبەجێ بوو تا ژیان و گوزەرانی نۆرماڵی خەڵک نەشێوێ. ئەم ئیجرائاتانە بە کەمترین کات و بە نەشتەرگەرییەکی ژیرانە کرا. هەقە گلەیی لەسەر دواکەوتنی بکرێت، نەک لەسەر باش فریاکەوتنی".
لە کۆتاییشدا باس لەوە کراوە کە وێستگەیەکی دیکە ماوە کە "حەتمەن دەیبڕن" و باس لەوە کراوە کە: "ئەم رێڕەوە یەکێتی وا لێدەکاتەوە ببێتەوە یەکێتیەکەی جاران، یەکێتییەکەی کۆمەڵانی خەڵک کە وەک هەمیشە سەرۆک مام جەلال دەیگوت: یەکێتیەکەتان. کە بەم دەستەواژەیە هەمیشە یەکێتی دابووە دەست کۆمەڵانی خەڵک ئەم رێڕەوە تینوتاوی حیزبایەتی لەناو یەکێتی باشتر دەگەشێنێتەوە و دابونەریتی حیزبایەتی پەرەپێدەدات، ئیتر رێوڕەسمی حیزبی پایەدار دەبێت، نەک سێبەر و تارمایی نادیاری، نا حیزبی، کە راسپاردە و بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیاڵمیدیاوە وەربگرێت. راستکردنەوەی رێڕەو وێستگەیەکی چۆنایەتی بڕیوە و وێستگەی دیکەی ماوە، کە حەتمەن دەیبڕێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ