سوپای عێراق چووەوە گوندی تۆپزاوا لە سنووری کەرکووک

02-09-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە سوپای عێراق چووەوە گوندی تۆپزاوا لە باشووری کەرکووک و هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ئەو سەربازگەیە دەدات کە پێشتر ئەنفالی کوردی تێدا کراوە، خەڵکی تۆپزاواش گردبوونەتەوە و دەڵێن، "بە هیچ شێوەیەک رێگە بە نۆژەنکردنەوەی سەربازگەکە نادەین."

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 02-09-2023 هێزێکی سوپای عێراقی چوونەتە سەربازگەی کۆنی سوپای پێشووی دەسەڵاتی بەعس، کە لە ساڵی 1987 دروستکرابوو و ژمارەیەک هاونیشتمایی تێدا ئەنفال کرا.

بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەکە بۆئەوەی ناڕەزایی خۆیان لەئاست بەسەربازگەکردنی ناوچەکە دەرببڕن، گردبوونەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ لیژنەیەکی باڵا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقەوە سەردانی کەرکووکی کردووە و بڕیارە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کەرکووک بکرێت، بۆئەوەی راپۆرتی خۆیان لەبارەی وەگەڕخستنەوە یان وەگەڕنەخستنەوەی سەربازگەکە بنووسن.
 

 

ساتع، یەکێک لە ناڕازییانی خەڵکی تۆپزاوا بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەیانیی ئەمڕۆ سێ هەمەری سوپای عێراق هاتن و یەکێکیان گوتی لیژنەیەک سەردانی سەربازگەکە دەکات و بڕیار دەدات کە نۆژەن بکرێتەوە یان نا."

 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەین سەربازگەکە نۆژەن بکرێتەوە، چونکە کەسوکاری ئێمەی تێدا ئەنفال کراوە و نابێت ببێتەوە بە سەربازگە."
 
گەیلان قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە گردبوونەوەکەدا بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەو هێزەی هاتووەتە سەر سەربازگەکە، لە فیرقەی 11وە بووە و چەندین جارە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و بە دانیشتووانی تۆپزاوایان گوتووە، چۆڵی بکەن، بۆئەوەی دووبارە بکرێتەوە سەربازگە."
 
گەیلان قادر گوتیشی، "هیچ قبووڵکراو نییە کاتێک ئەو شوێنە سەربازگەی دەسەڵاتی بەعس بووە و ئەنفالی تێدا کراوە، دووبارە ببێتەوە سەربازگە، دەبێت وەکو پەرلەمانتارانی کورد لەگەڵ وەزیری بەرگری قسە بکەین کە واز بهێنن و لەنێو گوند و شارەکەدا سەربازگە دروست نەکەن."
 
عەبدوڵڵا، هاونیشتماییەکی دیکەی تۆپزاوا بە رووداوی گوت، "هەر لە کەرکووکەوە تاوەکو ئێرە هەر 50 مەتر و هەمەرێک وەستابوو، گوتیان لیژنە بڕیار دەدات بکرێتەوە سەربازگە یان نا، بەڵام کە بینییان خەڵکێکی ناڕازیی زۆر لێرە کۆبوونەتەوە، گەڕانەوە و جێیانهێشت."
 
بەشێکی زەویی سەربازگەکە بە تاپۆ هی هاونیشتمانییەکی خەڵکی تۆپزاوایە بەناوی ئەحمەد سلێمان، کە ئێستا بەکاریدەهێنێت، بەڵام پێیان گوتراوە، خۆیان ئامادە بکەن کە سەربازگەکە نۆژەنکرایەوە لەوێ بڕۆن.
 
سەربازگەی تۆپزاوا لە ساڵی 1987 دروستکرا و راستەوخۆ دوای دروستکردنی خەڵکی گوندەکە دەربەدەر کران. خەڵک دەڵێن، ئێستاش پیلانگێڕی هەیە لە دژیان.
 
گوندی تۆپزاوا تاکە ناوچەی کوردییە لە باشووری کەرکووک، ماوەیەک لەمەوبەر سوپا هەوڵیدا دەست بەسەر زەوییەکانیدا بگرێت، ئێستاش چاوی بڕیوەتە سەربازگە کۆنەکان تاوەکو لەو رێگەیەوە بێتە نێو گوندەکەیانەوە.
 
ئەنفال بە هەشت قۆناخ جێبەجێکرا، جگە لە ئەنفالی قۆناخی هەشتەم کە لە ناوچەی بادینان بوو، لە تەواوی پرۆسەکانی دیکەدا خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە دەبرانە تۆپزاوا و لەوێ جیادەکرانەوە؛ ژن و منداڵ دەبرانە دووبز و دواتر بۆ تکریت، بەساڵاچووانیش دەنێردران بۆ نوگرە سەلمان، گەنجەکانیش‌ رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەر دەکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.