بەشێکی وانەبێژان خۆپێشاندان دەکەن و هەڕەشەی بایکۆتی سەرتاسەرییش دەکەن

02-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 36 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستاندا هەن و چەند ساڵێکە داوای دامەزراندن دەکەن. نوێنەرێکیان دەڵێت، سبەی لە بەشێکی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندان بۆ دامەزراندن دەکەن و وەڵام نەدرێنەوە 13ی ئەیلوول بایکۆتی سەرتاسەری رادەگەیێنن. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، ئەوان لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژاندان و بایکۆتیش بە چارەسەر نازانن.
 
سبەی 3ی ئەیلوولی 2023 یەکەم رۆژی پەیوەندیکردنی مامۆستایانە بە قوتابخانەکانەوە بۆ ئامادەکارییەکانی دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵی قوتابخانەکان. کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی لەگەڵ کاتی پەیوەندیکردنی مامۆستایان بە قوتابخانەکانەوە، وانەبێژان لە بەشێکی پەروەردەکانی شاری سلێمانی و سنووری پارێزگاکە خۆپێشاندان دەکەن و داوای دامەزراندن دەکەن."
 
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 13ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکردنی وانەخوێندن دەبێت لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو نوێنەرەی وانەبێژان دەڵێت، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆیان کردووە و سەرەتای دەستپێکردنی وانە گوتنەوە لە 13ی ئەیلوول ناچنە قوتابخانەکان و بایکۆتی سەرتاسەری رادەگەیێنن، ئەگەر وەڵامی داواکانیان نەدرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی وانەبێژان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە جارێك جەختی کردووەتەوە، کە وێڕای کەمکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە شەش رۆژەوە بۆ پێنج رۆژ، هیچ وانبێژێک لە کارەکەی دوورناخەنەوە.
 
پێشتر وانەبێژان داوای دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست دەکرد و ئێستا بەشێکیان گرێبەستیش رەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن. ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا وانەبێژان داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن؛ وەزارەتی پەروەردە بۆ گرێبەستکردنیان هەنگاوی ناوە، بەڵام ئێمەش لەگەڵ داوای وانەبێژانداین بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی، چونکە پێمان وایە گرێبەست چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان ناکات."
 
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتیشی، "دیارە دۆخی هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە چۆنە. ئێمە پێشنیاز دەکەین ئەگەر تەواوی وانەبێژان لە بەر دۆخی دارایی پێکەوە دانەمەزرێن، بەگوێرەی خزمەت بە بەش بەش دابمەزرێن. مووچەی گرێبەست و دامەزراندن جیاوازی ئەوتۆی نییە، بەڵام کە مامۆستا دامەزرا لە داهاتووی خۆی دڵنیاتر دەبێت."
 
لەبارەی کاریگەریی بایکۆتی مامۆستایان لەسەر پڕۆسەی خوێندن، ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "وانەبێژان داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام پرس بە ئێمە نەکراوە کە بایکۆت بکەن یان نا؛ ئێمە لە یەکێتی مامۆستایان بە کۆی دەنگ دژی بایکۆتین، چونکە کاریگەری لەسەر پەروەردە و فێرکردن دەبێت. پێویستە وانەبێژانیش ئاگاداری پەروەردەی منداڵانی هەژاری کوردستان بن."
 
مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە و بە گریبەستکردن یان دامەزراندنیان مووچەکەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان زیاتر دەبێت. کۆی پارەی مووچەکەشیان لە مانگێکدا 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.