رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە رایگەیاند، بەهۆی هەبوونی کەسێک بەناوی پزیشک و نەبوونی بڕوانامەی پزیشکی، هەروەها هەبوونی دەرمانی قاچاخ و رەچاونەکردنی پاکوخاوێنی، "سەنتەری ددانی ئاراس"یان لە شارەکە بۆ هەمیشە داخستووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین دەڵێت، مۆڵەتی کارکردن لە شوێنەکە وەرگیراوەتەوە و خاوەنەکەی و ئەوانەی کاریان تێدا کردووە دەدرێنە دادگە.
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە ئەندامێتیی سەندیکای پزیشکانی ددان- لقی راپەڕین، رۆژانە سەردانی شوێنی جیاواز دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ بەهۆی پێشلکارییە یاساییەکانەوە سەنتەری ددانی ئاراسیان بە یەکجاری داخستووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هۆکاری داخستنی سەنتەرەکە ئەوە بووە، لیژنەکە بۆیان دەرکەوتووە لە سەنتەرەکەدا "هاووڵاتییەک خۆی وەک پزیشک ناساندووە و هیچ بڕوانامەیەکی پزیشکی نەبووە و کاری کردووە. سەنتەرەکە مۆڵەت نەبووە و زۆریش پیس بووە و دەرمانی قاچاخی و نایاسایی تێدا بووە".
تەها محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی یاسا شوێنەکە دادەخرێت و مۆڵەتی کارکردن لە خاوەنەکەی وەردەگیرێتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین گوتیشی، ئەو کەسەشی خۆی کردووە بە پزیشک و پزیشک نەبووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە سەنتەرەکە کاریان کردووە دەدرێنە دادگە و دادوەر کەیسەکەیان یەکلایی دەکاتەوە.
تەها محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، کێشەیەک لە مۆڵەت پێدان بە هەندێک شوێن هەیە، کاتی خۆی سەندیکای کارمەندان مۆڵەتی بە هەندێک شوێن داوە کە نۆرینگەی لاکۆڵانیان پێدەگوترێت، هەموو ئەوانەی سەنتەری ددانیان هەیە دەبێت مۆڵەتی سەندیکای پزیشکانی ددان وەربگرن، بەپێچەوانەوە لە رێگەی لیژنەکانەوە دادەخرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ