رووداو دیجیتاڵ
مار ئاوای سێیەم، پاتریاکی کەنیسەی ئاشووریی رۆژهەڵات لە شاری هەولێر مەدالیای دۆستایەتی سەرۆکایەتیی رووسیای پێبەخشرا. باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بە رووداوی گوت، مەدالیاکە "گرنگە" و پێشکێشکردنی لەسەر ئەو بنچینەیە بووە کە مار ئاوای سێیەم رۆڵێکی کاریگەری لە "پەرەپێدان، بەهێزکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان" لەنێوان کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی رووسیا و کەنیسەی ئاشووری لە عێراق گێڕاوە.
ئیلبرۆس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مەدالیایەی بە مار ئاوای سێیەم بەخشراوە مەدالیایەکی "زۆر گرنگی سەرۆکایەتی"ی رووسیایە و لە بەغدایشەوە هاتووەتە هەولێر بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە و پێشکێشکردنی مەدالیاکە.
باڵیۆزی رووسیا گوتیشی، حکومەتی وڵاتەکەی بەرگری لە کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر "کریستیانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەمێنن، ئیدی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لانکەی چەندین شارستانییەت و بەشێکی زۆر لە ئایینە ئاسمانییەکانە، لەوانەش کریستیانەکان، بەڵام لە دوو دەیەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆریان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، لەوانەش کریستیانەکانی عێراق، لوبنان، میسر و سووریا.
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بە رووداوی گوت، "زۆر لایەن هەن کە دەیانەوێت کریستیانەکان کۆچ بکەن بۆ ئەورووپا و شوێنەکانی دیکە. ئێمە دەڵێین ئەمە جێگەی قبووڵ نییە."
پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و باڵیۆزی رووسیا لە عێراق
رووداو: زۆر سوپاس. پرسیارەکانم بۆ بەڕێز باڵیۆزە، گرنگی و هۆکاری ئەم خەڵاتە چییە؟
ئیلبرۆس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق: ئەمە خەڵاتێکی زۆر گرنگی سەرۆکایەتییە کە پێشکێشی بەرێزیان کراوە، بەهۆی ئەو رۆڵە کاریگەرەی گێڕاویەتی لە پەرەپێدان، بەهێزکردن، قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا. ئەم خەڵاتە نادرێت بە هەموو کەسێک. ئێمە دڵخۆشین دەرفەتمان هەبوو بەشداری لە ئەم جۆرە پرۆسەدا بکەین کە تایبەتە بە کەنیسە دۆستەکان؛ لەنێوان کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی رووسیا و کەنیسەی ئاشووری لە عێراق. لەم رووەوە، ئەمە خەڵاتێکی زۆر گرنگە. جێگەی ئاماژەیە تەنیا باڵیۆز دەتوانێت ئەم خەڵاتە رادەست بکات، بۆیە لە بەغداوە بە تایبەت هاتووم بۆ ئەوەی بەشداری لەم بۆنەیە بکەم.
رووداو: ژمارەیەکی زۆر پەرستگە و شوێنی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، رووسیا و عێراقیش هەن. ئایا هیچ بوارێک دەبینیت بۆ دەستپێشخەری گەشتیاری ئایینی لە نێوان هەردوو وڵات؟
ئیلبرۆس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق: جێگەی ئاماژەیە رووسیا کۆمەڵگەیەکی فرە کولتوور، فرە ئیتنی و فرە نەتەوەیە. بە فەرمی ئێمە سێکیولارین. بەڵام لە دۆخی ئێستای نێودەوڵەتیدا، کاتێک دەبینیت بێباوەڕان بە شێوەیەکی دوژمنکارانە هێرش دەکەنە سەر کەسانی ئایینی و دامەزراوە ئایینییەکان، چ موسوڵمان و چ کریستیانەکان لە هەموو جیهان، ئیدی دەبێت بەرگری بکەین؛ دەبێت بەرگری لە خۆمان بکەین.
ئێمە بەرگری لە کریستیانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین. ئەم هاوئاهانگییە، ئەم پێکەوەکاردنە، وەک باسم کرد لەنێوان کەنیسە دۆستەکاندا زۆر گرنگە. هەرچەندە رووسیا سێکیولارە، ئێمە [ئەندامی] چاودێری رێکخراوی هاریکاری ئیسلامین. ئێمە زۆر نزیکین لە هەردوو جیهانی ئیسلامی و کریستیان. ئێمە دەڵێین رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت ئەگەر کریستیانەکانی نەمێنن.
من بە قەداسەتی پاتریاکم گوت، بەداخەوە لەم پرۆسەیەدا هاوپەیمانیی زۆرمان نین کە بتوانن کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بپارێزن. بە پێچەوانەوە، زۆر لایەن هەن کە دەیانەوێت کریستیانەکان کۆچ بکەن بۆ ئەورووپا و شوێنەکانی دیکە. ئێمە دەڵێین ئەمە جێگەی قبووڵکردن نییە.
رۆژهەڵاتی نێوەراست ئەو شوێنەیە [زادگەی] لەدایکبوونی کریستیانییەتە و دواتر بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. دەبێت پارێزگاری لێبکرێت، ئەوە زۆر گرنگە. بۆیە کەسانی وەک پاتریارک رۆڵێکی گرنگیان لەم چالاکییەدا هەیە. ئێمە سوپاسگوزاری ئەو و کەنیسەکەین. خەڵاتەکە بە دەستپێشخەری کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی رووسیاوە بووە. من وردەکارییەکەی نازانم، بەڵام دڵنیام دەستپێشخەری ئەوان بوو، بە پاڵپشتی فەخامەتی سەرۆک. ئەو چاوی لەسەر هەموو ئەو شتانەیە کە روودەدەن، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ