رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک تیروپشک بۆ دابەشکردنی 46 پارچە زەوی بەسەر ئاوارەکانی مادەی 140 دەکرێت. بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، ''نزیکەی 60 پارچە زەویش دەدرێتە کەسوکاری شەهیدان.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-10-2025، ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئاوارەکانی مادەی 140 دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ بە تیروپشک، 46 پارچە زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت.''
پارچە زەوییەکان دەکەونە سنووری ناحیەی پردێ. بەگوتەی ئەحمەد عومەر، پێشتر سوودمەندبووان 10 ملیۆن دیناریان وەکو قەرەبوو لە چوارچێوەی مادەی 140 وەرگرتووە، بەڵام بڕیار بوو زەویشیان بەسەردا دابەش بکرێت، کە تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکرابوو.
وەک بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک ئاماژەی پێدا، لە داهاتووشدا لەلایەن شارەوانییەکانەوە، قۆناخەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئاوارەکانی مادەی 140 بەردەوام دەبێت.
ئەحمەد عومەر رایگەیاند، دوای تیروپشکەکە، زەوییەکان بە فەرمی بەسەر سوودمەندبوواندا تاپۆ دەکرێن.
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک ئاشکرای کرد، هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی زەوی بەسەر ئاوارەکانی مادەی 140، نزیکەی 60 پارچە زەویش لە نێو شاری کەرکووک، بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکرێن.
بودجەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە یاسای بودجەی 2023ـدا 200 ملیار دینار بوو. بودجەی پاریش 28 ملیار و 750 ملیۆن دیناری لە بودجەی پێرار زیاتربوو، خشتەی بودجەی ئەم ساڵیش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە بۆ ئەوەی پەسندبکرێت.
بەگوێرەی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێ.
ئەو مادەیە لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی کەمی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ