هەولێر و بەغدا لەسەر دیاریکردنی خاڵە نوێیەکان لە چیای قەرەچووخ رێککەوتن

02-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە رایگەیاند، لەگەڵ شاندی باڵای سەربازی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و دیاریکردنی خاڵە نوێیەکان لە چیای قەرەچووغ.
 
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ – مەخموور) لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، بەمەبەستی چارەسەریی ئەو شوێنانەی چیای قەرەچووخ لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، رۆژی چوارشەممە (1-11-2023) بە یاوەری فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە و چەند فەرماندەیەکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ شاندی سوپای عێراق کردووە، کە لە سوپاسالاری عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و چەندین ئەفسەری باڵای دیکەی سوپای عێراق پێکهاتبوون و بەشێوەی مەیدانی ئەو شوێنانەیان بەسەرکردنەوە.  
 
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە دەڵێت "هەردوولا گەیشتینە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و دیاریکردنی خاڵە نوێیەکان لە چیای قەرەچووغ و جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرا."
 
19-10-2023 هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لە چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە؛ دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
 
هێزەکانی پێشمەرگە داوایان کرد ئەو خاڵانە بەوان بسپێردرێن یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، بەڵام لەو بارەوە رێکنەکەوتن و کاژێر 4:00ـی ئێوارەی 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبوو. دوای ئاڵۆزییەکان و هاتنەسەرهێڵی بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخەکە هێورکرایەوە و کۆتایی بە گرژییەکان هات.
 
لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا، عەقید قەهار جەوهەر قەهار، فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ـی پیادە و هاوڕێ جەوهەر رەحمان شەهیدبوون؛ هەروەها دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە شەهیدبوو، دوای ئەویش مقەدەم پوشۆ، جێگری فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە، کە لە شەڕەکە بریندار بووبوو. شەهید بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە