یەکگرتوو و کۆمەڵ هاوکاریی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردن تاوەکو 4 ملیۆن دینار زیاد دەکەن

02-11-2025
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکگرتوو هاوکاریی بەربژێرانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو 4 ملیۆن دینار زیاددەکات. سەرۆکی لیژنەی باڵای بانگەشەی حیزبەکەش لە هەولێر هۆکارەکەی بۆ کەمیی ژمارەی بەربژێرانیان دەگەڕێنێتەوە. بەرپرسی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت، "35 ملیۆن دینار بە هەموو بەربژێران دەدەین." 
 
سەلاحەدین بابەکر، سەرۆکی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردنی بازنەی هەولێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا یەکگرتوو 3–4 ملیۆن دینار وەک هاوکاری بە بەربژێرانی دەدات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. 
 
یەکگرتوو 16 بەربژێری هەیە، بە گشتی 48 تاوەکو 64 ملیۆن دینار بە سەرجەم بەربژێرانی دەدات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی ملیۆنێک دینار بە بەربژێرانمان دەدەین بۆ بانگەشە، بەڵام بەپێی دۆخی دارایی بەربژێرەکە پارەکە زیاتر دەکرێت."
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڕیاریداوە هاوکارییەکەی بۆ بەربژێران زیاتر بکات، سەرۆکی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردنی بازنەی هەولێر هۆکارەکەی بۆ کەمیی ژمارەی بەربژیرانیان لەم هەڵبژاردنەدا گێڕایەوە. 
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش 14 بەربژێری هەیە، بە گوتەی بەرپرسانی حیزبەکە 7 بەربژێریان سەرەکین. بێستوون حەمە ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت، "بە گشتی 35 ملیۆن دیناریان بەسەردا دابەشکراوە."
 
کۆمەڵی دادگەری جیاوازی لە دابەشکردنی پارەکەی بەسەر بەربژێراندا کردووە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەکەیان گوتی،" 7 بەربژێریان زیاتر بانگەشەیان بۆ دەکرێت، بەڵام جیاوازییەکە زۆر نییە."
 
ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەی خۆی بە هەژارانە دەزانێت، بە گوتەی بەرپرسانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بێت، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەناو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا زۆرترین پارە بە بەرژێرانیان دەدەن.
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ و رەوتی هەڵوێست پۆستەر و فلێکس بۆ بەربژیرانیان چاپ دەکەن، بەرەی گەلیش رەتیکردووەتەوە هیچ پارەیەکی هەبێت بیدات بە بەربژێرانی. 
 
پارتی و یەکێتی زۆرترین پارە بە بەرژێرانیان دەدەن
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین پارە بە بەربژێرانیان دەدەن، پارتی 20 ملیۆن و یەکێتی نزیکەی 10 ملیۆن دینار بەربژێرانی دەدات. 
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسەپ دەکات، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەربژێرانی ئەو دوو حیزبە زۆرترین پارەیان لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرج کردووە. 
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو 8ـی تشرینی دووەم بەردەوام بێت و رۆژی 11ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی گشتی بکرێت. 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە