رووداو دیجیتاڵ
لیستە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بە هەژارانە بانگەشە دەکەن، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان تەنیا نزیکەی ملیۆنێک دینار دەدەنە بەربژێرانیان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ و رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی چەند فلێکسێکیان بۆ چاپ دەکەن. لیستی بەرەی گەلیش دەڵێت، "پارەمان نییە و هیچ بۆ بەربژێران ناکەین".
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کوردستان پارە بە بەربژێرانیان دەدەن
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 16 بەربژێری هەیە، سەباح باپیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" نزیکەی ملیۆنێک دینار بە بەربژێرانمان دەدەین بۆ بانگەشە، بەڵام بەپێی دۆخی دارایی بەربژێرەکە رێژەکە زیاد و کەم دەکات".
روونیکردەوە، جگە لە هاوکاریی دارایی، لە میدیاکانمانەوە بانگەشە بۆ بەربژێران دەکرێت و تیمی بانگەشە بۆ بەربژێرانیش دابین دەکرێت و دواتر وەک هاوکاریی بڕێک پارە دەدرێتە تیمەکان.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە 7 بەربژێر بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، گۆران فەرەج، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،" لەم چەند رۆژەدا بڕیار دەدرێت کە چۆن هاوکاریی بەربژێران بکەین، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو بە پارە هاوکاریی بەربژێران کراوە".
باسی لەوەکرد، بە گشتی هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە نێوان 500 هەزار تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزار دینار هاوکاریی بەربژێران کراوە، بەربژێرمان هەبووە پێنج ئەوەندەی هاوکارییەکە خۆی پارەی بۆ بانگەشە خەرجکردووە".
جووڵانەوەی نەوەی نوێ و رەوتی هەڵوێست فلێکس بۆ بەربژێران چاپ دەکەن
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، بە 32 بەربژێر بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، رێبوار کەریم کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرپەرشتیاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی رەوتەکە دەکات و خۆشی بەربژێرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە چاپکردنی فلێکس و بزنس کارت هاوکاریی بەربژێرانمان دەکەین، بەڵام ژمارەمان دیاری نەکردووە".
سۆشیال میدیا شوێنی یەکەمی بانگەشەی رەوتی هەڵوێستە، رێبوار کەریم هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەراورد بە هەموو شێوازەکانی دیکە تێچووی کەمترە.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئێستا بە شەش مانگ زیندانیکردن سزدراوە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 52 بەربژێری هەیە، یەکێک لە سەرۆک لیستەکانی جووڵانەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا فلێکس بۆ بەربژێران چاپ کراوە و لە میدیای نەوەی نوێشەوە بانگەشەیان بۆ دەکرێت".
"لیستی بەرەی گەل پارەی نییە"
لیستی بەرەی گەل کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکرێت، لە کاتێکدا بەشداری هەڵبژاردن دەکات کە سەرۆکەکەی دەستبەسەرە.
بورهان رەشید، سەرۆکی لیستی "بەرەی گەلەکەمان" لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ بەڵێنێکمان بۆ هاوکاریکردن لە بانگەشەدا پێنەدراوە، هەموو تێچووەکان لەسەر گیرفانی خۆمان دەبێت".
بەربژێرانی"بەرەی گەلەکەمان" بەشێوەی تاک پلانی هەڵبژاردنیان داناوە. بە گوتەی بورهان رەشید، لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکانی کۆمیسیۆندا هەر بەبژێرێک بەپێی توانای خۆی بانگەشە دەکات.
شادمان مەلا حەسەن، هەڵسووڕاوی لیستی "بەرەی گەلەکەمان" بە رووداوی راگەیاند، "پارەمان نییە و ناتوانین هیچ هاوکارییەکی بەربژێرەکانمان بکەین، دەبێت خۆیان بانگەشە بکەن".
تێچووی رێگەپێدراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
پێوەرى بڕى خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکان بەو شێوەیەیە کە 250 دینار لێکدانی ژمارەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک دەکرێت و دواتر کەڕەتی ژمارەی بەربژێری لیستەکە دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو پێوەرە، زۆرترین بڕی خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە لە هەولێر 8 ملیار و 159 ملیۆن و 100 هەزار دینارە؛ سلێمانی 10 ملیار و 814 ملیۆن و 922 هەزار دینارە، بۆ دهۆکیش بڕەکەی 4 ملیار و 283 ملیۆن و 653 هەزار دینارە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
3ـی تشرینی یهکهمى 2025 بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهستیپێکرد و تاوهکو 8ـی تشرینی دووهم بهردهوام دهبێت.
ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق له 11ـی تشرینی دووهمی ئهم ساڵ دهکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهکان ناوی 7768 بهربژێری پهسند کردووه بۆ ئهوهی لهو ههڵبژاردنهدا رکابهری بکهن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ