کەیوان کەمانگەر: کوشتن بەناوی شەرەف و نامووس دەگمەنە و نەبووەتەوە دابونەریت

02-12-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کوشتنی ژنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵانە لە 25ی نۆڤەمبەرەوە ماوەی دوو هەفتە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان دانراوە، هێشتا لەنێو ئەو ماوەیەداین، بەڵام چەندین رووداوی تووندوتیژی دژی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لەم ماوەیەدا تۆمارکراون.
 
لە شاری سنەی رۆژهەڵات کوردستان، دوو برا خوشکێکی خێزانداری خۆیان بەناوی "سه‌رگوڵ حه‌بیبی" بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ پیاوێکی خێزانداری دیکەدا هەبووە، دەکوژن.
 
کوژرانی "سه‌رگوڵ حه‌بیبی" به ‌ده‌ستی براکانی کاردانه‌وه‌ی تووندی له‌لایه‌ن بەشێک لە خەڵکی سنه‌وه‌ لێکه‌وتەوە.
 
شرۆڤەکارێک و پسپۆڕێکی یاسایی پێیوایە کوشتن بەناوی شەرەف و نامووسەوە دەگمەنە و نەبووەتەوە دیاردە و شتێک نییە لەناو دابونەریتی کوردەواریدا باوبێت، دەشڵێت "شەرع و یاسا رێگرنەبوون لە کوشتنی کچان لەلایەن باوک و براکانیانەوە"، دەروونناس و راوێژکارێکی کێشەکانی خێزانیش هۆکارەکەی بۆ شێوازی پەروەردە دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە "شێوازی پەروەردەمان بە جۆرێکە کە کێشەی کەسایەتی بۆ پیاوەکان دروستدەکات".
 
کەیوان کەمانگەر، شرۆڤەکار و پسپۆڕی یاسایی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو لەبارەی رووداوەکانی تووندوتژی بەرامبەر بە مێینە و بە دیاریکراویش ئەو رووداوەی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا، رایگەیاند "ئەو رووداوە بۆ سنە و رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی نامۆیە، کوشتن بەناوی شەرەف و نامووسەوە هەبووە، بەڵام دەگمەنە و نەبووەتەوە دیاردەیەک، شتێک نییە لەناو دابونەریتی کوردەواریدا باوبێت. بۆ نموونە، خەتەنەکردن بووەتە نەریت و شتێکی ئاسایی، بەڵام کوشتن بەناوی نامووسەوە دەگمەنە".
 
بە بۆچوونی ئەو شرۆڤەکارە، مەترسیی ئەو رووداوانە ئەوەیە کە "پاڵپشتیی یاسا و شەرعی لەگەڵدایە، نەک دابوونەریت. هیچ سزایەکی شەرعی و یاسایی نییە ئەگەر باوکێک کچەکەی یان کوڕەکەی بکوژێت، بەڵام ئەو رووداوە لەلایەن براکانیانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام باوکەکە لەڕووی شەرعەوە دەتوانێت لێیان خۆش بێت".
 
سەبارەت بەوەی یاسا چەندە رێگرە لەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت یان چەندە رێگەخۆشکەرە، کەیوان کەمانگەر دەڵێت "یاسا رێخۆشکەر نەبووە لەبەردەم ئەم جۆرە کوشتنانە، بەڵام ئەوە راستە کە رێگریش نەبووە".
 
نەسرین محەممەدی قەسریان، دەروونناس و راوێژکاری کێشەکانی خێزان، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەی مژار بوو، هۆکارەکەی بۆ شێوازی پەروەردەی کەسەکان گەڕاندەوە و گوتی "شێوازی پەروەردەمان بەجۆرێکە کە کێشەی کەسایەتیی بۆ پیاوەکان دروستدەکات، ئەگەر بڕوانین هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کاریگەریی دایک چەندە گرنگە چ لەسەر کوڕەکەی یان کچەکەی. ناڵێین باوک ئەوەندە کاریگەریی نییە، بەڵام کاریگەریی دایک زۆر زیاترە. ئەگەر دایک ئەو کاریگەریە لەسەر کوڕەکەی دروستبکات و بەو جۆرە پەروەردەی بکات، بەتایبەت ئەو هەستە لەناو ناخی کوڕەکەی دروستی بکات بەرامبەر بە خوشکەکەی، گرنگیی زۆری هەیە".
 
ئەو دەروونناسە بە پێویستی دەزانێت بە شێوازێک چارەسەری ئەو بابەتە پەروەردەییە بکرێت و دەڵێت "وەکو چۆن هەر لە منداڵییەوە لەناو بنەماڵەکانمان هەمیشە بە براکانمان دەڵێین ئاگاتان لە خوشکەکانتان یان خوشکەکەت بێت، ئەم ئاگاداربوونە هەرگیز بەو مانایە نەبووە ئەگەر خوشکەکەت دڵی تەنگە و بێزارە بڕۆ لێی بپرسە و لە کێشەکەی بکۆڵەوە و بۆی چارە بکە، بەڵکو بەو مانایە بووە ئەگەر هەڵەیەک یان گومانێکی لێ کرا ئاگاداری بکاتەوە".
 
نەسرین محەممەدی باسی لەوەش کرد "دەبێت دایک و باوک ئاگایان لەوە بێت کە نەخۆشییەک لە دەروونی ئەو کوڕەدا دروستدەکەن و تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆری دەکەن. هەمیشە بەشێک لە ژیانی دەبێت بەوەی خەڵکی سەبارەت بە خوشکەکەی من چۆن بیردەکاتەوە، تەنانەت سەبارەت بە دایکی من چۆن بیردەکاتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.