رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار لە مێژووی سووریادا، جەژنی نەورۆز وەک جەژنێکی نیشتمانی و بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە دانی پێدانرا، هاونیشتمانییان ئاهەنگیان گێڕا و جەژنەکەیان پیرۆزکرد، بەڵام لە شاری عەفرین، رێوڕەسمەکە بە ئاشتی کۆتایی نەهات.
ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سووریا رێگرییان لە هاونیشتمانییان کرد ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە، ئاڵاکان لە خەڵک سەندرانەوە و بێڕێزییان پێکرا، دوای ئەوەش گرژی و هێرش بۆ سەر خەڵک پەرەی سەند.
لە هەندێک شوێن ئاڵای کوردستان سووتێندرا، هەروەها هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو هاونیشتمانییانەی لە ئاهەنگگێڕان دەگەڕانەوە.
خۆپێشاندان لە حەسەکە و قامشلۆ
ئەو مامەڵەیەی لە عەفرین بەرامبەر ئاڵای کوردستان کرا، کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. لە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ، گەنجانی کورد ئەو دۆخەیان قبووڵ نەکرد و رژانە سەر شەقامەکان، لە خۆپێشاندانەکاندا ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و جەختیان لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کردەوە.
شەڕڤانێک لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا گوتی: "ئەم ئاڵایە، ئاڵای کوردایەتیی ئێمەیە، بژی کورد و بژی کوردستان."
هەر هەمان رۆژ لە کۆبانێ لەکاتی ئاهەنگگێڕاندا، دۆخێک روویدا و ئاڵای سووریا هێندرایە خوارەوە. سیپان حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و جێگری وەزیری بەرگریی سووریا دەستکاریکردن و داگرتنی ئاڵای سووریای لە کۆبانێ بە "کارێکی تاکەکەسی" ناوبرد.
لە بەرامبەردا، نووسینگەی پارێزگای حەلەب (کە کۆبانێ لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بەو پارێزگایەیە) لە کاتی باسی کۆبانێدا، هیچ ئاماژەیەکی بەو رێگرییانە نەکرد کە بەرامبەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان ئەنجامدراون.
ناڕەزایەتیی ئاوارەکانی عەفرین
ئەو گوشارانەی لە عەفرین هەن، بووەتە هۆی بێ ئومێدییەکی زۆر لای خەڵکەکە. خۆپێشاندەرێکی خەڵکی عەفرین بە تووڕەییەوە باسی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "ئاڵای کوردستان دەسووتێنن و گەنجەکانمان دەکوژن. ئێمە دەڵێین ئیدی بەسە بۆ حکومەتی کاتی. من خەڵکی عەفرینم و تائێستا پێنج جار ئاوارە بووم، ئیدی ناگەڕێمەوە."
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد هیلالی، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، داوای لە تەواوی لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ