رووداو دیجیتاڵ
تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت، لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە و پێنجی دیکە برینداربوون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند هاونیشتمانییەکی گوندی قامیش لە دەڤەری شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کران. کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، کە بەدواداچوونیان بۆ ناسنامەی قوربانییەکان کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هاونیشتمانییانە شەش کەس بوون؛ یەکێکیان شەهید بووە و پێنجی دیکەیان بریندارن".
کامەران عوسمان گوتی: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە برایەکی لەگەڵ بووە کە ناوی سەعیدە. لەگەڵ سەعید قسەم کرد و هەموو وردەکارییەکان ئەوەن کە شەش کەس بوون؛ ئەوان سێ بۆ چوار رۆژە بۆ راوکردن چوونەتە سنوورەکە و ئەمڕۆ بۆردوومان کراون".
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان، کامەران عوسمان گوتی، بەدواداچوونی وردیان کردووە و ناسنامەی قوربانییەکان بەمشێوەیەیە:
عەزیز محەممەد رەسوڵ - گیانی لەدەستداوە
بریندارەکان:
- سەعید محەممەد رەسووڵ
- محەممەد قادر ئاغا
- کوێخا محەممەد عەلی "بە سەختی بریندارە"
- زانا محەممەد عەلی
- ساڵح قادر
بۆردوومانەکە بۆسەر شاخی کێلەشین لە گوندی زەروون بووە. بە گوتەی کامەران عوسمان، "دڵنیابوونەتەوە" بۆردوومانەکە لەلایەن درۆنی تورکیاوە بووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی عەباس ئەحمەد کە دانیشتووی ماوەتە و ئاگاداری رووداوەکەیە، بە رووداوی گوت: "لە بۆردوومانەکەدا کەسێل گیانی لەدەستداوە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە ئەوانەی بە هانای قوربانییەکانەوە چوون گوتوویانە کاژێر 07:00ـی ئێوارە تەرمی قوربانییەکە و بریندارەکان بە کۆڵ دەگەیێندرێنە شوێنێک کە ئۆتۆمبێلی پێدەگات.
بەگوێرەی ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی کە بە رووداویان داوە، لە ئابی 2015ـەوە "لە دەڤەری شارباژێر دوو هاونیشتمانی شەهید بوون و 12 برینداربوون، کە سەرجەمیان لە ئەنجامی بۆردوومانی تورکیا بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ