رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ، لە گوندی گۆڵتەپە لە سنووری مەخموور دوو جار هێرشکرایە سەر سوپای عێراق. فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوورەکە دەڵێت، شەڕەکە کۆتاییهات و لە ئەنجامدا سێ چەکداری داعش کوژران و دووانیش خۆیان تەقاندەوە؛ گوتیشی، سەربازێکی عێراقی کوژراوە و حەوتی دیکە بریندارن.
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ لە مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو لە گوندی گۆڵتەپە لە مەخموور داعش هێرشی کردە سەر هێزەکانی سوپای عێراق؛ ئەمڕۆش لە گوندەکە شەڕ دروستبووەوە و لە ئەنجامدا سەربازێکی عێراق کوژرا و 7 سەربازی دیکەش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
غازی فەیسەڵ کە فەرماندەیەکی کوردە و لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆدا بەشداربووە، دەڵێت، "هێزێکی زۆری سوپای عێراق بە پشتیوانی هێلیکۆپتەر گەمارۆی داعشەکانیان دا کە پێنج چەکدار بوون. لە ئەنجامدا سیانیان کوژران و دووانەکەی دیکەش خۆیان تەقاندەوە".
غازی فەیسەڵ گوتی، ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و هێزەکانی ئەوان و سوپای عێراقیش گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گوندەی شەڕەکە تێیدا روویداوە هیچ هێزێکی پێشمەرگەی تێدا نییە.
هێزی خۆبەشی سنووری سەرگەڕان چەند هاونیشتمانییەکی سنوورەکەن و دوای هێرشەکەی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 سنووری مەخمووریان جێنەهێشت و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق لە ناوچەکەدا مانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ