گوێزی هەورامان دەکرێتە پەیکەر و لە تەوێڵە دادەنرێت

02-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوێزی هەورامان دەکرێتە پەیکەر و لە تەوێڵە دادەنرێت. سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە دەڵێت، گوێز سیمبوولی هەورامان و تەوێڵەیە؛ بۆیە پەیکەرەکەیان داناوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 02-12-2023، عیماد خالد، سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پەیکەری گوێز هێمایەکە بۆ تەوێڵە و هەڵقوڵاوی ناوچەکەیە، بۆیە کراوە بە پەیکەر و لە شارۆچکەکە دادەنرێت".
 
کارە سەرەتاییەکانی پەیکەرەکە تەواوکراون و وێنەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی شارەوانی تەوێڵە دەڵێت، "وێنەکان سەرەتای کارەکەن و وردەکاری زۆری ماوە؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی پەردە لەسەر پەیکەرەکە لادەبرێت".
 
پەیکەرەکە لەلایەن پەیکەرساز هونەر ساحیبەوە دروستکراوە کە خۆی خەڵکی ناوچەکەیە. عیماد خالید دەڵێت، تێچووی پەیکەرەکە دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانی تەوێڵە و نزیکەی پێنج ملیۆن دینارە.
 
تەوێڵە سەر بە ناحیەی بیارەیە لە پارێزگای هەڵەبجە و یەکێکە لە ناوچەکانی دەڤەری هەورامان لە هەرێمی کوردستان، کە گوێزی تەواوی دەڤەرەکە لە کوردستان و ناوچەکەدا نێوبانگێکی زۆری هەیە.
 
تەوێڵە بە فەرمی ناحیە نییە، بەڵام خاوەنی چەندین فەرمانگە و دەزگەی تایبەت بە خۆیەتی، لەوانە شارەوانی، کارەبا، پۆلیس و ئاسایش.
 
تەوێلە نزیکەی هەزار ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە