کارەبای بەردەڕەش: لە شوباتەوە کارەبامان دەبێتە 24 کاژێری

02-12-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کارەبای بەردەڕەش رایدەگەیێنێت، دۆخی کارەبای سنوورەکەیان دوای هێرشەکەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و ئاشکراشی دەکات، تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ ئەوەی لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە پڕۆژەی (رووناکی) لە قەزاکە جێبەجێ بکرێت.
 
ئەرشەد محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری کارەبای بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکەی شەوی چوارشەممەی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکرد، ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و گوتی: "لە پێرێوە دۆخی کارەبا زۆرباش بووە و قۆناخ بە قۆناخ کێشەکان چارەسەر بوون."
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری و جێبەجێکردنی پڕۆژەی (رووناکی) لە قەزاکە، بەڕێوەبەری کارەبای بەردەڕەش گوتی: "داوای داتا و زانیاریی ژێرخانی کارەبایان لێکردووین و هەموویمان پێشکێش کردووە، ئامادەکارییەکانیش دەستیان پێکردووە."
 
ئەرشەد محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لە مانگی شوباتی داهاتووەوە بەردەڕەش بکەوێتە نێو پڕۆژەکەوە و کارەبای قەزاکە ببێتە 24 کاژێری.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە سنووری قەزای بەردەڕەش و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری، نزیکەی 37 هەزار و 500 هاوبەشی کارەبا هەن؛ لەو ژمارەیەش نزیکەی 24 هەزار هاوبەشیان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ (لە زاخۆ تاوەکو کەڵەک) 530 فیدەری کارەبا هەن، کە سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای دهۆکەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە