رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردندا هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە؛ هاوکات سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و دەڵێ، پێویستە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی نەوت و گازی عێراق، لەوانەش دامەزراوەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بوەستێت و ئەوانەش بەرپرسن لە هێرشەکەی ئەم دواییەی کۆرمۆر، رووبەڕووی دادپەروەری بکرێنەوە.
کاژێر شەشی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 2-12-2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراق کۆبووەوە. محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، راپۆرتی وەرزیی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکێشی ئەنجوومەنەکە کرد.
لە بەشێکی سەرەکیی راپۆرتەکەی دا، محەممەد حەسان تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و گوتی: "پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی هەرێمی کوردستان هێشتا رووینەداوە، ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێک گفتوگۆی دوورودرێژ."
ئەم لێدوانەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 39 کورسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەم و نەوەی نوێ بە 15 کورسی بووە سێیەم. رۆژی 02-12-2024 یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێکوێرەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت نەکراوەتەوە.
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ کردەوە.
محەممەد حەسان گوتی: "پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی پرسە دیار و پەیوەندیدارەکان، لەوانەش پرسی ناوچە جێناکۆکەکان".
محەممەد حەسان ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا "هاوبەشییەکی گرنگە" و پێویستی بە پێکەوەکارکردن و دیالۆگێکی زیاتر کراوەیە بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق.
هێرشکردنە سەر کۆرمۆر
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە دۆخی ئەمنی و هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی هێرشەکەی شەوی چوارشەممەی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
محەممەد حەسان گوتی: "زۆر نیگەرانم لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دامەزراوە و ژێرخانەکانی عێراق، لەوانەش دوایین هێرش کە کرایە سەر دامەزراوەی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پێویستە ئەمە بوەستێت و ئەوانەش کە بەرپرسن رووبەڕووی دادپەروەری بکرێنەوە".
هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سەرەکی و راوەستانی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 750 ملیۆن پێ سێجا گاز، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
چارەنووسی کوردانی ئێزدی و ئاوارەکان
دۆسیەی ئاوارەکان، بەتایبەتی کوردانی ئێزدی، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی محەممەد حەسان بوو و ئاشکرای کرد کە هێشتا نزیکەی یەک ملیۆن عێراقی ئاوارەن.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی کوردانی ئێزدی ئاوارە گوتی: "گەڕانەوەی خۆویستانە و تێکەڵکردنەوەیان تاوەکو ئێستاش لەبەر ئاستەنگی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و کارگێڕی بەدەستنەهاتووە".
بەپێی ئامارەکانی یونامی، زیاتر لە 100 هەزار کەس کە زۆربەیان کوردی ئێزدیی خەڵکی شنگالن، دوای 11 ساڵ هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین. محەممەد حەسان بە نیگەرانییەوە گوتی: "تێبینی ئەوە دەکەم کە جێهێشتن لە کەمپی ئاوارەکانەوە لە ساڵی 2025ـدا زۆر خاو بووەتەوە".
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای "پلانێکی گشتگیریی نیشتمانی" کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان، لەگەڵ دابینکردنی خانوو، پاراستنی کۆمەڵایەتی و ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی بۆیان.
گەڕاندنەوە 20 هەزار 800 کەس لە کەمپی هۆل
کەمپی هۆل کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێک لەوانەی لە کەمپەکەن عێراقین و هاوژین و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
وەزارەتی كۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتووە تاوەکو ساڵی 2027 هیچ خێزانێکی عێراقی لەو کەمپە نەمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە.
تاوەکو ئێستا 20 هەزار 800 کەس گەڕێندراونەتەوە و دواین کاروانیان دوێنێ بوو کە 240 خێزان و زیاتر لە 850 کەس بوون. ئەو خێزانانە لەدوای گەیشتنەوەیان برانە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوەیان.
محەممەد حەسان جەختی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکان بە مەبەستی تێکەڵکردنەوەیەکی "شکۆمەندانە و بەردەوامی" کردەوە، لەوانەش دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و "پاڵپشتی کۆمەڵگە"؛ ئاماژەی بە پلانی حکومەتیش کرد بە مەبەستی گەڕانەوەی هەموو هاووڵاتییەکانی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت عێراق ڕێگری لە هاوژینیی خوار تەمەنی یاسایی بکات
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پیرۆزبایی لە عێراق کرد بەبۆنەی ئەندامبوونی لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هاوکات هۆشداریشی دا کە ئەمە تەنیا ناسناوێک نییە، بەڵکو ئەرکە.
محەممەد حەسان گوتی: "دەمەوێ باس لەوە بکەم کە ئەم ئەندامێتییە بەرپرسیارێتییەکی لەگەڵ دێت بۆ پاڵپشتیکردنی بەرزترین ستاندەردی مافەکانی مرۆڤ."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا بەربەستی زۆر لەبەردەم عێراق ماون و گوتی: "زۆر ئاستەنگ دەمێنن، لەوانەش بۆ دڵنیاکردنەوە لە پاراستنی تەواوەتی و جێبەجێکردنی مافی کەمینەکان، ژنان و گەنجان."
هەروەها جەختی لە گرنگیی ئازادیی رادەربڕین کردەوە و رایگەیاند: "پێویستە بەردەوامی هەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئازادیی رادەربڕین وەک کۆڵەکەیەکی دیالۆگی گشتیی کراوە لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی بەهێزدا."
لەکاتێکدا ماوەیەکە لە عێراق مشتومڕی چڕ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی هەیە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ باسی لە مافی کچان کرد. محەممەد حەسان گوتی: "ئەمە [پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ] هەروەها رێزگرتن لە مافی کچان و رێگەگرتن لە هاوژینیی خوار تەمەنی یاسایی لەخۆدەگرێ."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان متمانەی خۆی بە سەرکردە سیاسی و ئایینییەکانی عێراق نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و گوتی: "دڵنیام کە سەرکردەکانی عێراق، لەوانەش سەرکردە ئایینییەکان بەردەوام دەبن لە چارەسەرکردنی ئەم پرسانە، ئەوەش کاتێك وڵات هەنگاو دەنێ بە ئاراستەی لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ