رووداو دیجیتاڵ
لقی کرماشانی سوپای پاسداران دەڵێ، لە خۆپێشاندان و گرژییەکانی رۆژی هەینی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگاکەدا ئەندامێکی رێکخراوی بەسیج کوژراوە.
بەشی پەیوەندییەکانی لقی پارێزگای کرماشانی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە ئەنجامی گرژی و خۆپێشاندانی رۆژی هەینی شاری هەرسینی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامێکی رێکخراوی بەسیج کوژراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، عەلی عەزیزی، ئەو ئەندامەی بەسیج، لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی خۆپێشاندەران، بە گوللە و چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە.
راگەیاندنی کوژرانی ئەو ئەندامەی بەسیج لەکاتێکدایە، رۆژی 31-12-2025، گرژی لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان دروستبوو و وەک سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستان رایگەیاند، لە ئەنجامی گرژییەکەدا ئەندامێکی بەسیج بە ناوی ئەمیر حیسام خودایاری فەرد کوژرا، بەڵام دوێنێ هەینی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا، باوکی گەنجەکە رەتی کردەوە کوڕەکەی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کوژرابێ و رایگەیاند: ''کوڕی من ئەندامی بەسیج نەبووە.''
بەگوێرەی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە خۆپێشاندان و گرژییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەدا، هەشت کەس کوژراون کە لانیکەم چواریان خەڵکی پارێزگای لوڕستان بوون. میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانیش دەڵێ، 7 کەس کوژراون.
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکە وەک کرماشان، لوڕستان، ئیلام، چوار مەحاڵ و بەختیاری، قوم، خوزستان، فارس، ئیسفەهان، گیلان، هەمەدان و مەشهەدی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ