دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دوای ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ دەکرێنەوە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی هەفتەیەک لە داخرانی رێگەکانی زینی وەرتێ لەنێوان ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین و رێگەی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، رێگەکان کرانەوە، بەڵام هێشتا ئاستەنگی ماوە. هەروەها هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکانی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و باشماخ ئاساییە. چاوەڕوان دەکرێت لە دەروازەی زێتیش هاتووچۆ ئاسایی ببێتەوە.
 
درەوازەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان
 
دەروازەی کێلێ لە سنووری قەزای قەڵادزێ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی بەفرەوە نزیکەی هەفتەیەکە داخراوە. قایمقامی سنوورەکە دەڵێت، "ئاستەنگی زۆر لە دیوی ئێرانەوەیە."
 
بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەروازەی کێلێ لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە کراوەتەوە و بەفرەکە راماڵدراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاستەنگی لە دیوی ئێرانەوە هەیە گەشتیار هاتووچۆی پێدا ناکات."
 
قایمقامی قەڵادزێ گوتی، "پێشبینی دەکەین سبەی هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری دەروازەی کێلێ لە هەردوو لای دەروازەکەوە تەواو ئاسایی بێتەوە."
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران یەکێک بوو لەو رێگەیانەی ناوبەناو ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ دروست دەبوو. حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران تەواو ئاسایی بووەتەوە."
 
حەکیم تێلی گوتی، "تەواوی رێگە سەرەکییەکانی سنوورەکەمان بەفرەکەیان راماڵدراوە و هاتووچۆ ئاساییە. چەند گوندێکی دوورە دەست ماون، ئەمڕۆ کار بۆ کردنەوەی رێگەکەنیان دەکرێت."
 
ئەمڕۆ شەممە بەرپرسێک لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هەوڵی سەرجەم کارمەندانی دەروازەکە، تاوەکو ئەمڕۆ هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە و رانەگیراوە."
 
هەروەها عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، بەفر نەباریوە و هیچ ئاستەنگییەک بۆ هاتووچۆ لە دەروازەکەیان دروست نەبووە، بۆیە هاتووچۆ ئاساییە.
 
دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا
 
دوای ماوەیەکی کەم لە داخرانی لە هەفتەی رابردوو، هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک ئاسایی بووەوە و هیچ ئاستەنگییەکی هاتووچۆ نەماوە.
 
لەبارەی دەروازەی (زێت) لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران، حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەکە گوتی: "دەروازەی زێت رۆژانی شەممە و یەکشەممە پشوو دەبێ و ناکرێتەوە. گۆڕانکاری کەشوهەوا روونەدات دووشەممە لەو دەروازەیەشەوە هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ: رێگەی زینی وەرتێ کرایەوە
 
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو رێگەی زینی وەرتێ بەتەواوی کرایەوە، بەڵام بەهۆی بەستنەوە ئەمڕۆ کەمێک ئاستەنگی دروستبووە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ گوتی، "ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسل یان زنجیری بەستبێ ئەمڕۆ دەتوانێت هاتووچۆ بە رێگەی زینی وەرتێ بکات، تاوەکو ئێوارەش رێگەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی بەفر و بارانی رۆژانی رابردوو ئەمڕۆ کۆتایی هاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە