رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، پرۆژەیەکی مام جەلال کاراکراوەتەوە کە تێیدا پۆستە ئیدارییەکان بە رێژەی %32 لە نێوان کورد، عەرەب و تورکمان دابەشدەکرێنەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە %4 بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە دەبێت، بەڵام ئەو دابەشکارییەی پارێزگاری کەرکووک، کۆمپانیا نەوتییەکان و زانکۆی کەرکووک ناگرێتەوە. ئەندامێکی لێژنە سێ کەسییەکەی پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "ئەم هەنگاوە باڵانسی هێز لە پارێزگاکە رادەگرێت."
دلێر سەمەد راوێژکاری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری راگەیاندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری ژمارە چوار لە ساڵی 2022 و بە مەبەستی راگرتنی باڵانس لە نێوان هەموو لایەن و فەرمانگەکانی کەرکووک، ئێمە هەڵدەستین بە سەرژمێری کردنی فەرمانگەکان بە گشتی. ئەم پرۆژەیەش پرۆژەی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال بوو بە دابەشکردنی پۆستەکان بەسەر پێکهاتەکان بە رێژەی لە 32% بۆ کورد، عەرەب و تورکمان و سەتا چواریش بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە."
لە ساڵی 2006 مام جەلال سەرۆککۆماری پێشووی عێراق ئەو دابەشکارییەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئێستا یەکێتی دەڵێت، "مام جەلال پرۆژەی دابەشکردنی پۆستەکانی نەبووە، ئەوەی ئەو دەستپێشخەریی بووە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و یەکێتی دژی دابەشکردنی پۆستەکانە بە رێژەی %32 ، ئەو هەنگاوە هیچ بەهایەک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە و ئەگەر ئەو پرۆژەیەی ئیدارەی کەرکووک کۆمپانیا نەوتیەکانیش بگرێتەوە رازی دەبین، چونکە کەمترین رێژەی کارمەند لەو کۆمپانیایانە لە نەتەوەی کوردن."
پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی راگرتنی پرۆژەکەی راکان سەعید دەدات و پێیوایە ئامانج لەو پرۆژەیە دژایەتی کردنی کوردە و هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی ئەو کەمە پۆستەی کورد ماویەتی.
محەممەد خورشيد، بەرپرسی لقی سێی پارتی دەڵێت، "کورد شەش کورسی هەیە، عەرەب چوار کورسی، تورکمان دوو کورسی و کەمینە نەتەوەییەکانیش یەک کوسییان هەن، بۆیە پێمانوایە بەو میکانیزمەی هەیە لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان پۆستەکان دابەشبکرێت و ئێمە دژی دابەشکردنی پۆستەکانین بەڕێژەی لەسەتا 32، پێمانوایە هەوڵێکە و دەیانەوێت ئەو کەمە پۆستەی لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر لە دەستی کورد ماوەتەوە ئەوەشی لێوەربگرنەوە، بەڵام ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی نوێنەرەکانمانەوە هەوڵ دەدەین هەموو ئەو کارانە رابگرین."
لیژنەی راکان سەعید، لە سێ راوێژکاری پارێزگار پێکهاتوون و لەگەڵ دەستبەکاربوونیان، دامەزراندنی نوێش لەنێو دامودەزگە حکومییەکانی کەرکووک بەپێی دابەشکاری ئەو پرۆژەیە دەبێت و دەیان پۆستی بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش و هۆبە بۆ عەرەب و تورکمان زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ