رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا 76 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بپەڕنەوە بەریتانیا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی رابردوو هاوئاهەنگییان لەگەڵ فەرەنسا بۆ رێگەگرتن لە گەیشتنی بەلەمە بچووکەکان بۆ بەریتانیا لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە زیاد بووە.
کارۆڵ هێگنبۆتۆم، جێگری بەڕێوەبەری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا سەر بە وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە بە رۆژ زاڵە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەریتانیا راگەیاند، "رێککەوتنێکمان لەگەڵ فەرەنسا کردووە؛ چەند کارمەندێکمان زیاد کردووە، توانای سەرچاوە مرۆییەکانمان بۆ دوو هێندە زیاد کردووە بۆ ئەوەی یارمەتی رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بدەن".
ماوەی ساڵێکە ئەو فەرماندەییە دامەزراوە و کاری دۆزینەوە و لەنێوبردنی ئەو بەلەمە بچووکانەیە کە بۆ بەقاچاخبردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەکاردەهێندرین.
کارۆڵ ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵیانداوە رێگە لەوە بگرن کە بەلەمە بچووکەکان بکەونە دەستی قاچاخچییەکان لە فەرەنسا؛ گوتیشی، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرین بەلەمی بچووک بە قاچاخ بهێندرێتە باکووری ئەوروپا و بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بەکاربهێندرێن."
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکانی بەریتانیا، لە دوو ساڵی رابردوودا پۆلیسی بەریتانیا توانیویەتی رێگە لە 26 هەزار کۆچبەر بگرێت کە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو چوونی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 36% کەمیکردووە. ساڵی 2022 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا.
نۆکەندی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگە ئاوییەکان دادەنرێت کە کۆچبەران بەکاری دەهێنن و بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 1999وە 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەریتانیا هەوڵەکانی خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە چەند رێگەیەک چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە، لەوانەش زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا و ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ