رووداو دیجیتاڵ
کچێکی کوردی ئێزدی کە ساڵی 2014 لە سنووری شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو، دوای رزگارکردنی لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرایەوە شنگال.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، ئەمڕۆ یەکشەممە 03-ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کچەکە دوێنێ گەیشتەوە شنگال و لە رۆژانی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ نێو کەسوکاری کە ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەژین."
قائیدی ئاماژەی بەوەشکرد، کچەکە دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و دەگەڕێتەوە نێو خزم و کەسوکارەکەی.
کچەکە ناوی کوڤان عیدۆ یە. پێشتر لە کەمپی هۆل بووە لە رۆژئاوای کوردستان؛ کاتێک رفێندراوە تەمەنی 16 ساڵ بووە و ئێستا 26 ساڵە.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 575 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە سێی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ