هەولێر دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا مووچەی زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان هاوتا نەکراوە، بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدانیش دەڵێ، "هەوڵدەدەین چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە."
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان، ئەمڕۆ (دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025) بە رووداوی گوت "ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە. جیاوازی لە یاساکە و لە جێبەجێکردنیشیدایە. لە عێراق بەپێی یاسای بەرکاری خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان دەکرێت؛ بەڵام لە هەرێمی کوردستان دا لە چوارچێوەی یاساکە، مامەڵەکە تایبەتمەندترە."
بە گوتەی ئەحمەد مام رەسووڵ، ئەگەر شەهیدانەیەک 500 هەزار بێت، بە یاسای عێراقی 500 هەزارەکە بەسەر وارسەکان دابەش دەبێت؛ چەند کەس لە ژیاندا مابن پێیان دەدرێت، بەڵام ئەگەر بە یاسای هەرێمی کوردستان بێت، ئەو 500 هەزارە بەتەواوی دەدرێتە یەک خێزان، ئەگەر یەک کەسیش میراتگری شەهیدەکە بێت. لە یاسای عێراقی، بەپێی کەسەکان، بڕی مووچەکە دیاری دەکرێت.
لە ساڵی 2024ـەوە هاوتاکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەستیپێکردووە؛ تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی خانەنشینان مووچەکانیان هاوتاکراوە؛ ئەوانەی ماون لە قۆناخی جێبەجێکردندان. یاسای خانەنشینی تایبەتمەندیی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لەو کێشەیەی پرۆسەی هاوتاکردنی خاوکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان دەڵێت، "لە رووی جیاوازیی مووچەی شەهیدانەوە، مووچەی شەهیدان بخرێتە سەر بەغدا زۆر باشە. لە عێراق یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە و بەگوێرەی ژمارەی وارسی شەهیدان بە رێژەی سەتی مینحەیان پێدەدرێت."
ئەحمەد مام رەسووڵ دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت هەیە و پلەبەندی بۆ شەهیدان کراوە: شەهیدی هاووڵاتی، شەهیدی سەنگەر و شەهیدی جینۆساید. مووچەیان لە 250 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 5 ملیۆن دینار. هاوتاکردن بەم جۆرەی ئێستا قورسە و مووچەی بەشێکی کەسوکاری شەهیدان کەمدەکرێتەوە. بەڵام لە بەرژەوەندیی 80%ـیانە."
لە عێراق، کار بە یاسای خانەنشینی دەکرێت؛ کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازی جیاواز هەن کە لە یاسای تایبەتمەندی مووچەی شەهیدانەی هەرێمی کوردستاندا نییە. بۆ نموونە، هەموو وارسی شەهیدێک یەک ملیۆن و 200 هەزار وەردەگرێت؛ زەوی بە وارسی شەهید دەدەن و پارەی دروستکردنی یەکەی نیشتجێبوونیشی پێدەدەن کە 86 ملیۆن دینارە. ئەگەر بیەوێت زەوییەکە وەرنەگرێت و راستەوخۆ خانوو بکڕێت، پارەکەی بە کاش وەردەگرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دووپاتیکردەوە، "لە یاسای خانەنشینیی عێراقدا، ئەگەر کەسوکاری شەهیدان و زیندانیی سیاسی، بیەوێ بچێتە حەج، 6 ملیۆن دینار بۆ خۆی و یەکێک لە ئەندامی خێزانەکەی خەرج دەکرێت. هاوکات ئەگەر بیەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات 5 ملیۆن دیناری بۆ خەرج دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێشینەی هاوسەرگیری و تەندروستیی یاساکە، لە یاسای هەرێمی کوردستان باشترە."
لە ساڵی 2018، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، بەهۆی نالەباری و نەگونجاوی پرسەکە لەو کاتەدا، رێککەوتنێکی سیاسییان واژۆ کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پێیوایە، پێویستە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیڕەوێک ئامادە بکرێت کە مووچە و پلەبەندی شەهیدانی تێیدا دیاری بکرێت؛ تاوەکو مووچەی کەسوکاری شەهیدان هاوتای عێراق بکرێت و هەمان ماف و ئیمتیازیان بۆ هەژمار بکرێت، چارەسەری ئەوانەش بکرێت کە مووچەیان کەم دەبێتەوە. دەشڵێت "ئەو هەنگاوە ژیانی خەڵکی زیندانی سیاسی و وارسی شەهیدان باشتر دەکات."
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دووپاتیکردەوە، "لەبارەی هاوتاکردنی مووچەوە، دەمانەوێت دووبارە بابەتەکە زیندوو بکەینەوە و پەیڕەوێکی تازە دابنرێت. مووچەی شەهیدانە بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار بەرزبکاتەوە؛ هاوکات پشت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی ببەستێت و هیچ مووچەیەکی شەهیدانە لەو بڕە کەمتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ