رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ 'رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەری،' رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردووی ئەم ساڵدا پێشێلکاری بەرامبەر 31 رۆژنامەڤان و 14 دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستان کراوە. سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، رێگری لە رووماڵی بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان دەکرێت و زانیاریشیان پێنادرێت.
لە راگەیێندراوەکەی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان کە ناوەندی سەرەکی لە شاری هەولێرە، ئەوە خراوەتەڕوو، "ئازادیی رادهربڕین و رۆژنامهوانی له ههرێمی کوردستان به تهواوی بهرتهسك كراوهتهوه و رۆژ دوای رۆژ پێشێلكاری لە زیادبووندایە."
هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشێلکارییەکان زۆرینەیان لە هەولێر بوون و پاشان سلێمانی."
بە گوتەی هۆزان قادر، "خراپترین شوێن بۆ رووماڵی رۆژنامەڤانان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە و باشترینیش هەڵەبجە و دهۆک."
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەو رێکخراوە بێت، "رێگرییەکان بە پلەی یەکەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بوون، پاشان فەرمانگەی میدیا و زانیاری، دواتر چەند وەزارەتێک."
سەرۆکی رێکخراوەکە گوتی، "فەرمانگەی میدیا و زانیاری ژمارەیەک دەزگای میدیایی بلۆککردووە و رێگەیان پێنادات لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانیش بەشداری بکەن؛ ئەوە بۆ چەند وەزارەتێکیش گوێزراوەتەوە کە هیچ زانیارییەک نادەنە بەشێکی میدیاکان و رێگری لە رووماڵەکانیشیان دەکەن. ئەوانە پێشێلکارین و دژی یاسای رۆژنامەگەرین."
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە ساڵی 2021 دامەزارەوە و وەکو سەرۆکەکەی باسی دەکات، کاری سەرەکییان داکۆکییە لە مافی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکاری رۆژنامەنووسانی کوردستان، ساڵی رابردوو 45 پێشێلکاری بەرامبەر 73 رۆژنامەڤان و دەزگای راگەیاندن کراوە.
لە ئامارێکی جیادا و بە گوێرەی سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ