رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە لە شنگال، سنوونێ و قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا پشووی فەرمییە. سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانیش لە تەواوی ئەو پارێزگایە بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی خولەکێک بە بێدەنگی دەوەستن.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ لەو ناوچانە کراوەتە پشووی فەرمی. ئامانجەکەش زیندووڕاگرتنی ساڵیادی ئەو جینۆسایدەیە بەرامبەر کوردانی ئێزدی کراوە.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، پارێزگار بڕیاریشی داوە بەیانیی ئەمڕۆ سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگاکە خولەکێک بە بێدەنگی بووەستن.
رۆژی 3ی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال، جگە لە کوشتن و بڕینی ئەو رۆژە و رۆژەکانید واتری، 6,417 کچ و ژنی کوردی ئێزدی رفاند.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانییە، تاوەکو ئێستا 3,590 کەسی رزگار کردووە و 2,827 کەسیش ماون رزگار بکرێن.
عەبدوڵڵا شرین، کە ماوەی 11 ساڵە لە رێگەی ئەو نووسینگەیەوە کار بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەکات، پێشبینی دەکات "نزیکەی 1,500 کەسی دیکە لە ژیاندا مابن، کە زۆربەیان لە ئیدلبی سووریا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە و تورکیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ