زیاتر لە 40 گەنجی کورد لە کەرکووک دەستگیرکراون

03-09-2023
پەیمان محەممەد
ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک.
ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ     

 

پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''زیاتر لە 40 گەنجی کورد لە کەرکووک دەستگیرکراون و بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەمی دادگەیان بەڕێوەبچیت." گوتیشی، لە گەڕەکی شۆراو گەڕان و پشکنینی هێزە عێراقییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک دەستیپێکردووە. 
 
دوای ئاڵۆزییەکانی دوێنێی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی شار بڵاوەیان پێکراوە و هێزێکی زۆر لە کۆڵان و شەقامەکاندا دەبینرێن. ئەمڕۆ یەکشەممە 03-09-2023، هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە گوتی، ''لە گەڕەکی شۆراو گەڕان و پشکنینی هێزە عێراقییەکان  دەستیپێکردووە و ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی چەکە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق.''
 
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو و پاساویان ئەوەبوو کە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. 
 
ئێوارەی دوێنێ شەممە، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە لە هەفتەی پێشوودا بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەشێوەیەکی تووند وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە و لە گرژییەکاندا چوار کەس بە گوللە گیانیان لەدەستدا و 15 کەسیش بریندار بوون.
 
ئێستا دۆخەکە هێور بووەتەوە و خۆپێشاندان و بەرەنگاربوونەوە کۆتاییهاتووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، گەڕان و پشکنینی هێزە عێراقییەکان لە بەشێک لە گەڕەکە کوردییەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی کوردە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، زیاتر لە 40 گەنجی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان عێراقەوە دەستگیرکراون، بەپێی مادەی 4ـی تیرۆر دراونەتە دادگە و بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەمی دادگەیان بەڕێوەبچێت.
 
هەردی محەممەد باسی لەوەش کرد، لە بنکەی پۆلیسی رەحیماوا تەنیا حەوت کەس دەستگیرکراون کە بەپێی مادەی 232 راگیراون و رەنگە هەر ئەمڕۆش بە بارمتە ئازاد بکرێن.
 
وەکو پەیامنێری رووداو دەڵێت، هێزەکانی پۆلیس بە دیاریکراوی تەنیا لە گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە، بەڵام بەرەو باشووری شار کە گەڕەکی عەرەبەکانە، لە هیچ شوێنێک هێزی سەربازی نابینرێت و دۆخێکی ئاسایی بەرچاو دەکەوێت.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە