رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕی نێوان دوو ماڵباتدا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان 30 کەس برینداربوون.
لە گوندی گوموشکایای سەر بە شاری سەمسوور، دەمەقاڵێ لەنێوان دوو ماڵبات دروستبوو. دوای ماوەیەک لە دەمەقاڵێ، هەردوولا بە دار، بەرد و چەقۆ شەڕیان کرد.
دوای ئاگادارکردنەوە، هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنەکە.
لە رووداوەکەدا 15 کەس بە بەرد، دار و چەقۆ برینداربوون و لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرا. هەندێک لە بریندارەکان بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەدا ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان برانە دادگەی سەمسوور، بەڵام ئەندامانی هەردوو ماڵبات لەوێ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لەبەردەم دادگە شەڕیان کردەوە. لەو شەڕەشدا 15 کەسی دیکە برینداربوون.
تیمەکانی پۆلیس ناچار بوون بە گازی فرمێسکڕێژ شەڕەکە کۆنترۆڵ بکەن. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی چوونە شوێنی رووداوەکە و 15 بریندارەکەی دیکەشیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ