پاسپۆرتی سلێمانی: لە یەکشەممەوە هیچ مامەڵەیەک بەڕێناکەین کارتی زانیاریی سلێمانی نەبێت

03-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی داوا لە خەڵکی ئیدارە سەربەخۆکان، قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەیان دەکات بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سەردانیان نەکەن و بچنە فەرمانگەکانی سنووری خۆیان. بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، لە یەکشەممەوە هیچ مامەڵەیەک بەڕێناکەن کارتی زانیاریی نێوخۆی سلێمانی و دەوروبەری نەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەمەودوا هەرکەسێک بیەوێت پاسپۆرت نوێ بکاتەوە یان دەریبهێنێت، دەبێت لەو فەرمانگەیە دەریبهێنێت کە سنووری خۆیەتی و کارتی زانیارییەکەی لێ دەرهێناوە و دەشڵێت، پاسپۆرتی سلێمانی تەنیا ئەو مامەڵانە ئەنجام دەدات کە کارتی نیشتمانیی نێوخۆی سلێمانی و دەوروبەرین.
 
لەو بارەیەوە عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی 11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممە 5ـی ئەم مانگەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە سنووری ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان نووسینگەی پاسپۆرت هەیە و کارمەندی خۆیان هەیە.
 
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەیان لەڕووی کارگێڕییەوە گونجاوە و بەغداش داوای کردووە کە هەر کەسێک کارتی نیشتمانی هەر شوێنێک بێت لەوێ مامەڵەی پاسپۆرتەکەی بکات.
 
عەمید سالار عەبدوڵڵا داوای لە هاونیشتمانیان کرد، لە رۆژی یەکشەممەوە ئەگەر کارتی زانیارییان سلێمانی نەبێت سەردانیان نەکەن، چونکە مامەڵەکانیان بۆ ئەنجام نادەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی شوێنی دەرهێنانی پاسپۆرتی هاونیشتمانیانی بەمشێوەیەی خوارەوە دیاریکردووە:

 

نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی – ناوەند؛ ئەو هاووڵاتییانەی کارتی زانیارییان سەر بە ناوەندی پارێزگای سلێمانی و سنوورەکانی دەوروبەری بێت وەکو بازیان، قەرەداخ، دووکان، پیرەمەگرون، پێنجوێن، چوارتا، ماوەت، شارەزوور، عەربەت و زەڕایەن لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی مامەڵەی پاسپۆرتیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.
 
نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی - ئیدارەی گەرمیان؛ ئەو هاووڵاتییانەی کارتی زانیارییان سەر بە قەزای کەلار، دەربەندیخان و ناحیەی رزگاری، ناحیەی شێخ تەوێل، قەزای کفری، ناحیەی کۆکس، ناحیەی نەوجوول، ناحیەی ئاوەسپی، ناحیەی قۆرەتوو و ناحیەی مەیدان بێت، لە نووسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان لە کەلار مامەڵەی پاسپۆرتیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.
 
نوسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی - ئیدارەی راپەڕین؛ تەواوی سنووری ئیدارەی راپەرین و دەوروبەری بە گوندەکانیشەوە، ئەو هاووڵاتییانەی کارتی زانیارییان سەر بە سنووری ئیدارەکەیە وەکو قەزای قەڵادزێ، ناحیەی سەنگەسەر، ناحیەی چوارقوڕنە، ناحیەی حاجیاوا، ناحیەی بێتواتە، ناحیەی سەرکەپکان، ژارەوە و ئیسوەیل، لە نووسینگەی پاسپۆرتی رانیە مامەڵەی پاسپۆرتیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە؛ ئەو هاووڵاتییانەی کارتی زانیارییان سەر بە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، سەیدسادق، خورماڵ، تەوێڵە، بیارە و بەمۆ بێت، لە پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە مامەڵەی پاسپۆرتیان بۆ جێبەجێدەکرێت.

 

نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی – چەمچەماڵ؛ ئەو هاووڵاتییانەی کارتی زانیارییان سەر بە سنووری ناحیەی ئاخجەلەر، ناحیەی سەنگاو، ناحیەی قادر کەرەم، ناحیەی تەکیەی کاکەمند، ناحیەی تەکیەی جەباری و ناحیەی شۆڕش بێت، لە نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ مامەڵەی پاسپۆرتیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە