خۆپێشاندان لە سلێمانی گرژی تێکەوت.. ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگا: خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە

03-12-2020
رووداو @Rudawkurdish
خۆپێشاندان لە سلێمانی. وێنە؛ رووداو
خۆپێشاندان لە سلێمانی. وێنە؛ رووداو
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-
رووداو سلێمانی

پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، چەند چالاکڤانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و گازی فرمێسکڕێژ لە دژی خۆپێشاندەران لە سەرای سلێمانی بەکارهاتووە. لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، خۆپێشاندانی بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە.
 
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، چەند چالاکڤانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و گازی فرمێسکڕێژ لە دژی خۆپێشاندەران لە سەرای سلێمانی بەکارهاتووە.
 
لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-12-2020 خۆپێشاندان لە سەرای سلێمانی دەستیپێکرد. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، هێزێکی ئەمنی زۆر لە سەرای سلێمانی بۆ کۆنترۆڵی خۆپێشاندانەکان بڵاوەیان پێکراوە. گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن.
 
هەروەها چەند شایەتحاڵێک کە ڤیدیۆیان بۆ رووداو ناردووە دەڵێن چەندین کەس لە خۆپێشاندەران دەستگیرکراون و هەوڵدەدرێت بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکرێت.
 
ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی لەکاژێر 13:10 خولەک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
‎1-هەر کۆبونەوەو گردبونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامیی ڕێگەپێدراو نییەو، شێواندنی ئارامی شار و ڕاگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەكانی كۆمەڵگادا نییە.
 
‎2- خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییە ڕەواکان لە چواچێوەی یاسادا؛ يەکێکە لە مافە ڕەواکانی خەڵک و پارێزگاریی لێدەکەین.
 
‎3- پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا ڕێگاپێدراوەكاندا ڕوماڵی ڕوداوەكان بكەن و ئیتیكی ڕۆژنامەوانیی لەبەرچاو بگرن.
 
4ـ پێویستە هەموو هێزەکان ئارامیی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر ڕوبەڕوبونەوەو توندوتیژییەک بەدوربگرن.
 

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی: هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ‏‏6 مامۆستایان گرتووین

 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند لە ‏خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانی، هێزە ئەمنییەكان 6  مامۆستایان ‏دەستگیركردووە.‏

 

 نەجمەدین محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ‏بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند لە خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆ ‏پێنجشەممە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووبوونەوە روویداوە ‌و ‏‏"تاوەكو ئێستا هێزە ئەمنییەكان 6 مامۆستای خۆپیشاندەریان ‏دەستگیركردووە".‏

 

 ئەندامەكەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی‏ ئەوەشی خستەڕوو ئەوان ‏بەمەستیانە بە هێمنانە خۆپێشاندانەكەیان بەرنە بەردەركی سەرا، بەڵام ‏هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێدەكەن ‌و گوتی "ئەگەر مووچەش دابەش ‏بكرێت ئێمە لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین، چونكە تاوەكو ئێستا 18 ‏مووچەی تەواوەتی ‌و 37چارەكە مووچەمان لەلای حكومەتە".‏

 

 ‏ماوەی دوو رۆژە لە سلێمانی مامۆستایانی ناڕازی ‌و بەشێك لە ‏فەرمانبەران خۆپێشاندان دەكەن هەر دوو رۆژەكەش خۆپیشاندانەكە ‏پشێوی تێكەوتووە.‏

 

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دووجار بوورامەوە
 
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی بە تووندی وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە و بەهۆی گازە فرمێسکڕێژەکانیانەوە دووجار لەهۆش خۆم چووم".
 

 

 

 

شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە وەکو خۆپیشاندەر بەشدارە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە هەموو کوچە و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکراوە و زۆر بە تووندی رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەهۆی گازی فرمێسکڕێژیشەوە من دوو جار بوورامەوە و سیروان بابان، پەرلەمانتاری کوردستانیش بە سووکی بریندارکراوە".
 
شیرین ئەمین گوتی: "ئێمە وەکو نوێنەری پەرلەمانتارانی ناڕازی و هەڵبژێردراوی خەڵک بەشداریمان لە خۆپیشاندانەکان کردووە".
 
قسەکانی شیرین ئەمین لەکاتێکدایە بەپێی راگەیێندراوێکی ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگا خۆپێشاندانەکە مۆڵەتی نییە و رێگەپێدراو نییە. 

 

نەوەی نوێ: پشتیوانیی خۆپێشاندەران دەکەین
 
ئەنجومەنی سیاسی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی خۆپێشاندانەکەی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایدەگەیێنێت، "خەڵکی کوردستان لە ئێستادا دور لە ئینتیمای حیزبی رژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافی خۆیان، بۆیە ئێمە وەک جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە تەواوی پشتیوانی داواکاری خۆپیشاندەران دەکەین و هیوادارین هەر تاکێکی ئەم هەرێمە بەشدار بێت لە داواکردنی مافی خۆی بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان ، سەرباری راوبۆچونی جیاوازیان".  
 
نەوەی نوێ هەروەها رایدەگەیێنێت، پشتیوانی هەموو خۆپیشاندانێکی هاوڵاتییان دەکات کە ئامانج لێی "داواکردنی مافی خەڵک و کۆتاییهێنان بێت بە حوکمی ئەم دوو بنەماڵەیە و هەروەها کۆتاییهێنان بێت بە دزی و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی کوردستان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان

سەرۆکی یەکێتیی زانایان بۆ گوتارخوێنی نەجەف: وەرە کوردستان و لەجیاتی وێرانکاری ئاوەدانی ببینە

قسەکانی گوتاربێژی نەجەف لەسەر هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان، نیگەرانیی یەکێتیی زانایانی ئایینیی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت: "ئەو دەڵێ لە کوردستان گوند وێران دەکرێ و کۆمەڵکوژی دەکرێ، بۆیە داواکارم بێت و لە نزیکەوە کوردستان ببینێت".