رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی ئەم دواییەی بەفر و بارانبارین، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان هەبووە.
لە بەنداوی سماقووڵی لە سنووری هەولێر، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەبینرێت؛ گەنجان لەبەردەم دەرچەی سەرڕێژبوونی بەنداوەکەدا سەرقاڵی ماسیگرتنن. نەوا محەممەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی کۆیە بە رووداوی گوت: "بەنداوەکە ساڵانە بەشێوەیەکی زۆر باش سەرڕێژ دەکات و سوودی زۆری بۆ ئاودێریی گوندەکانی خوارووی هەیە. ئەمساڵ بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانەوە، بەنداوەکە زۆر زوو سەرڕێژی کرد."
بەنداوی دێوانەش لە دەربەندیخان بەهۆی بارانبارینەوە سەرڕێژی کردووە. لەلایەکی دیکەوە، بەنداوی دووکان کە توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا نزیکەی ملیارێک و نیو مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بەنداوی دهۆکیش یەکێکی دیکەیە لەو بەنداوانەی بارانی هەفتەی رابردوو رێژەی ئاوی گلدراوەی تێدا زیادکردووە.
شەپۆلەکە تەنیا باشووری کوردستانی نەگرتووەتەوە؛ لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستانیش دیمەنی بەنداوەکان لەژێر بەفردا دڵڕفێنن.
د. لوقمان موفتی، پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵ باس لە گرنگیی بەنداوەکان دەکات و دەڵێت: "سوودەکانی بەنداو سەرەتا بۆ کەرتی کشتوکاڵە لە رێگەی ئاودێرییەوە، هەروەها سوودی راستەوخۆی بۆ خەڵک، بەخێوکردنی ماسی، گەشتوگوزار، ئاوی ژێرزەوی و باشترکردنی کەشوهەوا هەیە."
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە هەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا زیاتر لە 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکاندا گلدراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ