دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، خەڵکی رووهای باکووری کوردستانە

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا - مەهەپە دەڵێت، خەڵکی شارۆچکەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستانە و لە هۆزی فەتاحلییە.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە نووسینگەکەی خۆی لە ئەنقەرە پێشوازیی لە مستەفا فەتاحلی، سەرۆکی رێکخستنەکانی مەهەپەی سوێرەگ کرد.
 
مستەفا فەتاحلی هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیدارەکەی بڵاوکردەوە.
 
باخچەلی کە ساڵانێکە وەکو پەرلەمانتاری عوسمانییە هەڵدەبژێردرێت، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ فەتاحلی رایگەیاند، بنەچەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەی سوێرەگ-ی سەر بە پارێزگای رووها و ئاشکرای کرد، خۆیشی یەکێکە لە ئەندامانی عەشیرەتی فەتاحلی.
 
لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەو شاندەی سەردانیان کردبوو، باخچەلی گوتی، "پێشتریش لە دیاربەکر (ئامەد)ەوە سەردانیان کردبووم. باسی دیاربەکریان دەکرد و منیش گوتم: دەزانن من خەڵکی سیڤەرەکم؟ ئێمە لە فەتاحلییەکانین."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە لە 1ی کانوونی دووەمی 1948 لە شارۆچکەی باخچە سەر بە پارێزگای عوسمانییەی تورکیا لەدایکبووە، لەنێو رای گشتیدا زۆرجار بە ناسنامەی عوسمانییەوە ناوی دەهێندرێت. باخچەلی چەندین قوتابخانەی لە عوسمانییە کردووەتەوە، ساڵانێکە وەکو پەرلەمانتاری عوسمانییە لە پەرلەمانی تورکیا کار دەکات.
 
عەشیرەتی فەتاحئۆغوڵڵاری (فەتاحلی) لەڕووی مێژووییەوە رەچەڵەکیان تورکمانە و بە تێپەڕبوونی کات بە ناوچە جیاوازەکانی ئەنادۆڵدا بڵاوبوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە