لە دەروازەی حاجی ئۆمەران هاتووچۆی کۆڵبەری رادەگیرێت و گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی دەروازە سنوورییەکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هاتووچۆی کۆڵبەری لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ئەمڕۆ و سبەی دادەخرێت. جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت، هاتووچۆ بۆ گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە.
 
بەشی پەیوەندییەکانی لیژنەی هاوئاهەنگیی کاروباری دەروازە سنوورییەکانی ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما، هاتووچۆی کۆڵبەری لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە رۆژانی شەممە و یەکشەممە رادەگیرێت.
 
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە لە پارێزگای هەولێر، کە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەروازەی تەمەرچین هەیە. بەگوێرەی راگەیێندراوی لیژنەکەی پارێزگای ورمێ، راگرتنی کاروباری کۆڵبەری لەسەر داوای هەرێمی کوردستان بووە.
 
حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دەروازەی حاجی ئۆمەران جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە."
 
تێلی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما بۆ ژێر سفر و هەبوونی شەختە و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی فەرمانبەران و کارمەندانی دەزگا میرییەکان، ئەمڕۆ لە هەرسێ قەزاکانی (مێرگەسۆر، چۆمان و سیدەکان) بڕیاری پشوو دراوە، جگە لە دەزگا خزمەتگوزارییە ئێشکگرییەکان."
 
لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە، بەشێکی هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەیان پێدراوە بە فەرمی کۆڵبەری بکەن، بەگوێرەی ئەو رێنوێنییانەی بۆیان دانراوە، جگە لە رۆژانی هەینی، لە دۆخی ئاساییدا هەفتەیەک 6 رۆژ کار دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە