بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رووداو: زیاتر لە 245 هەزار ئاوارە لە ناوچەکەماندان

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
نووشین حەمێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئێستا لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا 10 کەمپی ئاوارە و پەنابەر هەن. ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەی ئاوارە و هاووڵاتیی وڵاتی دیکەی وەک عێراقی دەگاتە زیاتر لە 245 هەزار کەس.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-01-2026، شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی راگەیاند، کەمپەکان بەگوێرەی جوگرافیا بەمشێوەیە دابەشکراون: شەش کەمپ لە کانتۆنی جزیرە، کەمپێک لە دێرەزوور، کەمپێک لە رەققە و دوو کەمپیش لە کانتۆنی تەبقەن.
 
بەگوتەی شێخمووس ئەحمەد، لە تەبقە دوو کەمپی دیکەی تایبەت بە ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا هەن و گوتی:' 'زیاتر لە 100 هەزار کەس لە کەمپە فەرمییەکاندا دەژین و نزیکەی 100 هەزار کەسی دیکەش لە سەنتەرە کاتییەکان و کەمپە نافەرمییەکاندا جێگیرن.''
 
هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران گوتی، پار ناوچەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون بووەوە و "نزیکەی 120 هەزار کەس لە ناوچەکانی تلڕەفعەت و شەهباوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات ئاوارە بوون؛ هەروەها 25 هەزار کەسی دیکەش لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی حەلەبەوە بەرەو هەمان ناوچە هاتن."
 
سەبارەت بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەکان، شێخمووس ئەحمەد رایگەیاند، لەو کەمپانە تەنیا پێنجیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی دانیان پێدانراوە و هاوکاری وەردەگرن کە ''ئەوانیش کەمپەکانی هۆل، رۆژ، نەورۆز، عەریشە و مەحموودلین. کەمپەکانی دیکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوکاریی هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی و خۆجێیی دەبەستن.''
 
هەرچی هاوکاریی حکومەتی سووریایە، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت: ''کەمپەکان هیچ هاوکارییەک لە حکومەتی سووریا وەرناگرن.''
 
لەبارەی گەڕانەوەی خێزانە سووریاییەکان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بۆ ناوچەکانی خۆیان، شێخمووس ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد: ''تاوەکو ئێستا هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نییە، بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بۆ سەر ماڵی خۆیان.''
 
هۆل گەورەترین کەمپی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و هەزاران کەسی تێدایە، لەنێویدا 14 هەزار و 500 عێراقی. هاوسەرۆکی نووسینگەکە سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی خێزانە بیانییەکانی داعش گوتی، پرۆسەی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێ و بە تەواوی بەستراوەتەوە بە خواست و هاوکاریی وڵاتەکانیانەوە.
 
20-01-2018 سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی چڵە زەیتوون بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکرد، دوای زیاتر لە دوو مانگ بەرگریی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، شارەکەیان داگیرکرد و خەڵکێکی زۆر لە عەفرین و دەروبەری ئاوارە بوون. 
 
بەگوتەی شێخموس ئەحمەد، گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار و  چۆڵکردنی ماڵی ئاوارەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە