رووداو دیجیتاڵ
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت، بزووتنەوەی ئیسلامی لە یەکەم رۆژی دامەزرادنیەوە باوەڕی بە جیهاد هەبووە و ئێستاش ئەو باوەڕەی هەیە.
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، برای رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بزووتنەوەی ئیسلامی باوەڕی بە جیهاد هەیە، پێشتر جیهادیان دژی سەدام حوسێن کردووە، بەڵام دوای ئەوەی "کوردستان ئازادکراوە و دامەزراوەی خۆی هەبووە پێویستی نەکردووە" چیدی شەڕ بکەن. لەبارەی شەڕیشیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ناچار بوون شەڕ بکەن و زۆربەی لایەنەکانیش لەنێوان خۆیان شەڕیان کردووە.
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت، بزووتنەوەی ئیسلامی باجی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی دەدات و هەرگیز نەچوونەتە ژێرباری داواکارییەکانی وڵاتانی دیکە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، هەر لە سەرەتای دروستبوونی حیزبەکەیانەوە لە ساڵی 1987 لە ژێر هەژموونی ئێران نەبوون، بەو پێیەی کە چوار ساڵ دوای دروستبوونی حیزبەکەیان یەکەم شاندیان ناردووەتە سعودیە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیان کردووە، لە کاتێکدا ئێران و سعودیە ناکۆکیی سیاسییان لە نێواندا هەبووە.
لەبارەی کۆنگرەی حیزبەکەیان کە بڕیارە رۆژی شەممە 04-02-2022 لە هەولێر دەستپێبکات، ئیحسان عەبدولعەزیز رایگەیاند، هەر بڕیارێک لە کۆنگرەکە بدرێت، پابەند دەبن پێیەوە و هیچ ناکۆکییەکیان لەگەڵ کامیل حاجی عەلی، بەربژێری رابەرایەتیی بزووتنەوە نییە.
بەپێی پەیڕەوی حیزبەکە، ئەگەر کەمتر لە 50+1ـی ئەندامانی کۆنگرەکە کە ژمارەیان 600 کەسە دەنگ بە بەربژێری رابەرایەتی نەدەن، ئەوا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
لەبارەی ئەوەی کە گوایە پۆستەکانی بزووتنەوە بەردەوام بۆ بنەماڵەیەک قۆرخ دەکرێت، ئیحسان عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوە دا، لە هەموو قۆناخەکاندا بەراورد بە تەمەنی بزووتنەوەی ئیسلامی زۆرترین گۆڕانکارییان لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبەکەیان کردووە و زۆرترین کۆنگرەیان بەستووە.
سێ حیزبی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان هەن، لەبارەی جیاوازیی بۆچوون لەنێوان ئەو حیزبانە، ئیحسان عەبدولعەزیز دەڵێت، تاکە رێگە بۆ ئەوەی موسڵمانانی هەرێمی کوردستان بتوانن شکۆ بۆ خۆیان بگەڕێننەوە ئەوەی کە هەموویان پێکەوە بن و لەژێر یەک بەیداخ کار بکەن.
لە کاتی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، ئیحسان عەبدولعەزیز پیرۆزبایی لەو بزووتنەوەیە کرد، لەو بارەوە ئاماژەی بەوە دا، لە میدیاکان باسی ئەوە دەکرێت کە تاڵیبان "تیرۆریست"ن، بەڵام ئەوان هیچ کردەوەیەکی "تیرۆیستییان لە دەرەوەی ئەفغانستان نەکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ