قایمقامی هەولێر لەبارەی سەمای منداڵێک لە یانەیەکی شەوانە روونکردنەوە دەدات

04-02-2023
شەنگە ئەحمەد
ئەو کچەی ڤیدیۆی سەماکردنەکەی لە یانەیەکی شەوانەدا بڵاوبووەتەوە
ئەو کچەی ڤیدیۆی سەماکردنەکەی لە یانەیەکی شەوانەدا بڵاوبووەتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی سەمای کچێکی منداڵ دەدات لە یانەیەکی شەوانەدا و دەڵێت، "ئەو یانەیە لە هەولێر نییە." 
 
چەند رۆژێکە گرتەی کچێکی تەمەن 10-12 ساڵان بڵاوبووەتەوە کە لە یانەیەکی شەوانەدا سەما دەکات و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ڤیدیۆکە لە یانەیەکی شەوانەی هەولێر تۆمارکرابێت. 
 
لەوبارەوە، ئەمڕۆ شەممە 4-2-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو منداڵە لە یانەیەکی شاری هەولێر سەمای کردبێت، دوای بەدواداچوونی تەواو، دەرکەوت ئەو گرتە ڤیدیۆیە کۆنە و لە بەغداش تۆمار کراوە.
 
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: هەر کارێکی لەو جۆرە لە پارێزگای هەولێر بکرێت، بەپێی یاسا شوێنەکە دادەخرێت و خاوەنەکەی سزای یاسایی دەدرێت. 
 
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2023، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا منداڵێک لە یانەیەکی شەوانە پارە بەسەر سەماکەرێکی ئەو یانەیەدا هەڵدەدات و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لای بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد. 
 
رۆژی 3-1-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرجەم لایەنەکان داوای بەدواداچوونی بەپەلەیان کرد. توانیمان ئەو شوێنە بدۆزینەوە کە گرتە ڤیدیۆکەی لێ تۆمارکراوە." 
 
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "دەستمانکرد بە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان و سەرەتا شوێنەکەمان داخست و بە نووسراو داوامان لە داواکاری گشتی کرد بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی دژی خاوەنی شوێنەکە و بەخێوکەری تۆمار بکات." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە