رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، "پابەندن" بە رادەستکردنی نەوتی خاو بە حکومەتی فیدراڵی بۆ مەبەستی هەناردەکردن یان بەکارهێنانی ناوخۆیی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو چوارچێوە یاساییەی لە بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە، پێویستە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکەن.
راگەیێندراوەکە وەک وەڵامێکە بۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ.
27ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، دوای دوو ساڵ و نیو لە راگرتنی، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە. ئەوەش دوای رێککەوتن کە نەوتەکە لە رێگەی سۆمۆوە لە بەندەری جەیهان بفرۆشرێت.
ئەوکاتە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوتە لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە رێککەوتنەکە کرد، بەڵام واژۆی نەکرد.
کۆمپانیاکە گوتی، "روونکردنەوەی زیاترم پێویستە لەبارەی شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی."
دی ئێن ئۆ گوتیشی، بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ.
سۆمۆ لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ دەڵێت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە بە رێککەوتنەکە کە تێیدا "سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی سۆمۆ بکەن، جگە لەو نەوتەی بە مەبەستی بەکارهێنانی نێوخۆ گل دەدرێتەوە".
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خاوەن 75%ی پشکەکانی کێڵگەی تاوکێیە و لە پێشابووریش سەرکارە.
کۆمپانیاکە پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەست بە هەڵکەندنی بیری نوێ بکات و ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور بۆ 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ