بۆچوونی سەلاحەدین بەهائەدین لەبارەی ئەحمەد شەرع و پرۆسەی ئاشتی؛ 'دەستووری پەیەدە ناواقیعییە'

05-02-2025
هیوا جەمال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، تورکیا، ئێران، عێراق، سوودانی و عەممار حەکیم داوایان لێکردوون بەشداریی حکومەت بکەن. لەبارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە رەخنە لە دەستووری پەیەدە دەگرێت و لەبارەی ئەحمەد شەرعەوە دەڵێت، وەکو باسی دەکەن "زیرەک و لێهاتووە."
 
سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەگەری نییە هەڵوێستیان لەبارەی بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگۆڕن، کاراکردنی پەرلەمان لە بێسەروبەریدا دواکەوتووە، ئێستا گوشار هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە زوویی.
 
بەبۆنەی ساڵڕۆژی حیزبەکەیان، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان نەخشەیەکی روونی نییە، لەبەر ئەوە بەشداری لە کابینەی 10ی حکومەت ناکەن.
 
دەربارەی کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان، سەلاحەدین بەهائەدین باسی لەوە کرد، لە بێسەروبەریدا کارا نەکراوە، ئێستا گوشار هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەر پێکهات، ئەوە پەرلەمان کرا دەکرێتەوە.
 
"هەرکەس بەشداریی حکومەت بکات، زەرەری گەورە دەکات"
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆ دەربازبوون لە قۆناخی دروستنەبوونی حکومەتی نوێ و کارانەبوونی پەرلەمان بڕیاری خۆتان ناگۆڕن بۆ بەشداری لە حکومەت؟ ئەمینداری یەکگرتوو گوتی، "پرسیارەکەت گومانم لە بڕیارەکەمان بۆ دروست دەکات، بەڵام لەوە ناچێت ئێمە رامان بگۆڕین."
 
 
سەبارەت بە هۆکاری بەشداری نەکردنیان، سەڵاحەدین بەهائەدین روونیکردەوە، "چونکە ئەم چارەسەرەی ئێستا هەیە لە کوردستان، بەو شێوەیە ناتوانین، ئێستا هەر کەس بچێتە ئەم سیستمە حکومڕانییەوە، عەیبدار دەبێت. هەرکەس بەشداری بکات، زەرەری گەورە دەکات."
 
تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری ئەوەی کرد، لە دیداریان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی بەشداری لە حکومەتیان لەگەڵدا کراوە؟ لە وەڵامدا سەلاحەدین بەهائەدین سەرەتا مێژووی درێژی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ تورکیا و حیزبە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتەی روونکردەوە، کە تاوەکو دەگاتە ئاک پارتی پەیوەندییان بەهێز بووە، گوتیشی، "هیچ کات پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بەکار نەهێناوە."
 
ئەمینداری یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا زیاتر شرۆڤەی سووریامان کرد، لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گۆشەیەکی دوورەوە باسمان کرد، زانیبوویان کە گوتوومانە بەشداری ناکەین، لێیان پرسین بەشداری دەکەن؟ گوتمان، نەخێر بەشداری ناکەین."
 
هەر لەوبارەیەوە سەلاحەدین بەهادین زیاتر روونیکردەوە کە ئێران، تورکیا، عێراق، سوودانی و عەممار حەکیم "حەز دەکەن و داوایان کرد، بەشداریی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام گوتمان: بەشداری ناکەین."
 
"هاوڕێیەکی ئیخوان گوتی: ئەحمەد شەرع زیرەک و لێهاتووە"
 
دەربارەی دۆخی سووریا، داهاتووی ئەو وڵاتە و پێگەی کورد و رۆژئاوای کوردستان، رووداو لە ئەمینداری یەکگرتووی پرسی، "پێتانوایە ئەحمەد شەرع بتوانێت دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراسی دروست بکات؟" لە وەڵامدا سەلاحەدین بەهائەدین گوتی، "سووریا حکومڕانییەکی جیاوازی هەیە، گرووپێکی چەکداری تووندڕەو بووە دەسەڵاتدار و سەرۆکی گرووپەکە ئێستا سەرۆکی سووریایە، ئەوە بەو خێرایی و بەپەلەیە روویدا، ئاسان نییە."
 
لەبارەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا، ئەمینداری یەکگرتوو دەڵێت، "خۆم لە نزیکەوە نەمخوێندووەتەوە، بەڵام پرسیارم لە هاوڕێیەکی ئیخوان کردووە لە سووریا، دەڵێت: سەیری ژیانی بکەین، ئەحمەد شەرع  پیاوێکی لێهاتووە، زیرەکە، کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە، رەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی قووڵی هەبێت لەگەڵ دامەزراوەی دیکە."
 
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا دەیانەوێت پەیوەندیی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق چۆن بێت؟ دەستووری نوێی سووریا بۆ کورد چی تێدابێت؟ سەلاحەدین بەهائەدین ئەوەی خستەڕوو، "دەبێت رێڤەبەریی خۆسەر بە گفتوگۆ کارەکان بکەن، کورد لەنێو خۆیاندا گفتوگۆ بکەن. لەوبارەیەوە قسەی خێر کراوە، هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆلای کاک مەسعود هەنگاوێکی گفتوگۆکەیە."
 
ئەمینداری یەکگرتوو رەخنەی لەو دەستوورە هەیە کە رێڤەبەریی خۆسەر ئامادەیان کردووە و دەڵێت، "ئەو دەستوورەی برایانی پەیەدە ئامادەیان کردووە، ناواقعییە و باش نییە، دەستوور دەبێت لە دۆخێکی سەقامگیردا بنووسرێت." هەروەها زیاتر لەبارەی رۆژئاوای کوردستان قسەی کرد و گوتی، "هەموو سوورییەکان دەڵێن، ئەوەی پەیەدە دەیکات ناگونجێت و قبووڵ ناکرێت. دەبێت پەیەدە نەرمتر بن."
 
بەبۆنەی ساڵڕۆژی راگەیاندنی حیزبەکەی، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەر و رۆژنامەڤانی کەناڵەکانی راگەیاندن دیدارێکی رۆژنامەڤانیی رێکخست، دیدارەکە زیاتر لە کاژێرێکی خایاند.
 
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان 'بەرەو باشی دەڕوات'
 
ئەمینداری یەکگرتوو لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان باسی لەوە کرد، "پرۆسەکە بۆ باکووری کوردستان باشە، هەرچەند خێرا نییە، بەڵام جووڵەی تێدایە، مادام ئەمجارە دەوڵەت باخچەلی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسەی تێدا بکەن، بەرەو باشی دەڕوات."
 
سەلاحەدین بەهائەدین رۆڵی دەم پارتیی بە باش نرخاند و گوتی، کارێکی باشیان کردووە لەگەڵ هەموو پارتەکان بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەتەوە، ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بێتەدی، ئەوا بۆ باشووری کوردستان باشە.
 
لەبارەی رۆڵی پەکەکە و شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاش ئاماژەی بەوە کرد، "نابێت بەهۆی پەکەکەوە بزووتنەوەی کوردی سفر بکرێتەوە، مەسەلەی کورد لەگەڵ بزووتتنەوەی کوردی جیایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە کەشوهەوای چەند رۆژی رابردووی سلێمانی. وێنە: رووداو

دوو شەپۆلی سەرما و بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دوو شەپۆلی سەرماوسۆڵە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، یەکێکیان لە ئەمڕۆوە تاوەکو شەوی پێنجشەممە و ئەوی دیکەیان لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێت