رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە دۆخی دوای رێککەوتنیان لەگەڵ دیمەشق بە قۆناخێکی نوێ ناودەبات دەڵێت: ''جاری یەکەمە لە رۆژئاوای کوردستان خۆمان بەڕێوە دەبەین، پێویستە هەر کەسێک بە گیانێکی کوردانەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.''
نوورەدین عیسا، بەربژێری پۆستی پارێزگاری حەسەکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا لەگەڵیدا کردووە، باسی لە پلانەکانی داهاتووی کرد بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە و رایگەیاند، ئێستا کەوتوونەتە قۆناخێکی نوێ لە خۆبەڕێوەبەری و ئەوە یەکەم جارە پارێزگاکە لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرێت.
نوورەدین عیسا کە بنەماڵەکەی خاوەنی 13 شەهیدە گوتی: ''پێویستە بە فیداکارییەوە کار بکەین و هەرچی وزەمان هەیە بەکاری بهێنین، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.''
بەربژێری پۆستی پارێزگاری حەسەکە جەختی لەوە کردەوە: ''ئەگەر شتێک بۆ خەڵک نەکەین، تەنانەت 100کوردستانیش ئاوەدان بکەینەوە، وەک ئەوە وایە کە هیچمان نەکردبێت. پێویستە ئێمە وڵاتێک ئاوەدان بکەینەوە کە تێیدا کەرامەتی خەڵک و سەربەرزی پارێزراو بێ.''
نووردەین عیسا بە پێویستی دەزانێت، لەو قۆناخە نوێیەی حەسەکە و رۆژئاوای کوردستاندا، ''بە گیانێکی کوردانە''ـوە هەر کەسێک ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیەتی، جێبەجێی بکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نووردەین عیسا
رووداو: بینەرانی بەڕێز، لە قامشلۆم، لە ماڵێکم. لە ماڵی کێم؟ لە ماڵی پارێزگاری نوێی حەسەکە، کاک نوورەدین عیسا. لە ماڵی ئەوان میوانین. کاک نوورەدین چۆنی؟
نوورەدین عیسا: سەرچاو، بەخێربێن، سوپاس بۆ هاتنتان.
رووداو: بەر لە هەر شتێک پیرۆزە، سەرکەوتوو بیت.
نوورەدین عیسا: سوپاس، خودا خێرتان بنووسێت، سەری هەموو میللەتەکەمان بەرز بێت، سەرکەوتوو بن.
رووداو: هەموو کورد کەیفخۆش بوون کە تۆ بوویتە پارێزگاری حەسەکە هەستت چۆنە؟
نوورەدین عیسا: راستی کاتێک ئەو بڕیارە درا، وەک بڕیارێکی گەل بینیم و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئێمە چ سەربازی بێت یان جڤاکی (کۆمەڵایەتی)، ئێمە وا تێگەیشتین ئەو بڕیارە کاتێک درا، هەستێکی زەحمەت (قورس) وەک بارێک کەوتە سەر شانمان.
رووداو: چۆن بیستت کە بوویتە پارێزگار؟
نوورەدین عیسا: بەڕێوەبەری گشتیی ئێمە، بەڕێز جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی پێویستە بتبینین. منیش گوتم باشە. رۆیشتم و گوتیان ئێمە تۆمان پێشنیاز کردووە بۆ پارێزگای حەسەکە.
رووداو: یەکسەر قبووڵت کرد؟
نوورەدین عیسا: نەخێر، راستی بڵێم. من گوتم هەندێک زەحمەتە، گوتی بۆچی؟ من گوتم ئێمە هەندێک کارمان لەگەڵ ئەو کەسانە و بەو رەنگە هەندێک زەحمەتی دەوێت. گوتی هەرچی بێت باشە. گوتی بڕیاری من نییە وەک شەخس، بڕیارێکی گشتیی جڤاکییە، پێکهاتەی کورد و عەرەب، وەک ئەو 13 یان 14 ساڵەی لەنێو جڤاکدا بوویت، هەموو کەسێک دەبینێت کە گونجاوە کار بکەیت، نوێنەرایەتیی هەمووان بکەیت. راستی کاتێک وایگوت، منیش مامەوە و گوتم باشە. مادام گەلەکەمان وەک بەڕێوەبەرایەتیی سەربازی و سیاسی ئەو هیوایەیان بە من هەیە، منیش گوتم ئامادەم و هیوادارین بتوانین و ئەو هیوایەی گەلەکەمان نەشکێنین.
رووداو: کاک نوورەدین ئەندازیارە، لە بنەماڵەکەی 13 شەهید هەن.
نوورەدین عیسا: راستە، لە کۆبانێ شەهیدمان دا، لە مشتەنوور.
رووداو: باوکت شەهیدە، مامت شەهیدە؟
نوورەدین عیسا: راستە ساڵی 2014 کاتێک هێرش کرایە سەری و تێپەڕین بۆ گردی مشتەنوور، راستی ئەو و 10 هەڤاڵی خۆی مانەوە بۆ ئەوەی بەرگری بکەن و هەڤاڵانی دیکە بکشێنەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەست، خۆیان فیدا کرد لەگەڵ گرووپەکەی خۆی و تێپەڕیبوو بۆ نێو شار و رووبەڕووی داعش بوونەوە تاوەکو شەهید بوون. لە مشتەنووری کۆبانێ ساڵی 2014. برایەکیشم شەهید بوو، شەهید سۆهەیب، ئەویش شەهید بوو لە رزگارکردنی زیندانی عەلایا، کاتێک شەڕی دژی رژێم بوو.
رووداو: لە رووی خزمەتگوزارییەوە دۆخەکە گەلێک خراپە. ئەرکت گەلێک گرانە. دەتوانیت داخوازییەکانی خەڵک جێبەجێ بکەیت؟ لە بەرنامە و پڕۆگرامی تۆدا چی هەیە؟
نوورەدین عیسا: ئێمە لە سەرەتای ئەم ئەرکەی کەوتە سەر شانمان، راستی ئێمەش چاومان لێیە کە گشت کەسانی زانا و لایەنەکان و بەرپرسان هاوکارمان بن. ئێمە هیوادارین نەوەک هەر ئێمە تەنیا، بەڵکو میللەتیش هاوکارمان بێت. زۆر شت هەیە کە پێویستە هەموومان پێکەوە کار بکەین. وەک دەڵێن چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت. بەڵام هیوادارین ئەو بەرنامەیەی هەمانە جێبەجێی بکەین. بۆیەش ئەو بڕیارە و ئەو هەڵوێستەمان دا کە دەبێت شتێک بکەین. لە بنەڕەتدا خزمەتکردنی گەل و وڵاتی خۆمانە. دەبێت شتێک بەرەو پێش ببەین و هیوادارین بتوانین. رەنگە پێشتر هەندێک کەموکوڕی هەبووبێت، ئێستا بە چاوی خۆمان دەیبینین. ئێمە وەک ئەوەی بڵێین پڕۆژەی رۆژئاوای کوردستان، ئێمە شەڕێک دەکەین، شەڕێکی گەورە. ئێمە پاشەکشە ناکەین، لەو کاتەشدا ئێمە رەخنە لە کەسانی دیکە ناگرین کە بۆچی وابوو، رەنگە تاقەت و وزەیەکی زیاترمان هەبێت و هەندێک شت بکەین. وەک کوردیش جاری یەکەمە لە رۆژئاوای کوردستان خۆمان بەڕێوە دەبەین، لە ئاستی دامەزراوەکاندا، لە ئاستی بەڕێوەبردن، کەموکوڕی هەبووە. دەبێت ئەو قۆناخە تێپەڕێنین. ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین، بە گیانێکی کوردایەتی، هەر کەسێک دەبێ رۆڵی خۆی ببینێت و ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیەتی، جێبەجێی بکات.
رووداو: کەی دەچیتە دیمەشق؟
نوورەدین عیسا: پێموایە پێویستە ئەمڕۆ بڕۆین، ئەگەر نا، لەم یەک دوو رۆژەدا دەبێت، چونکە ئامادەکارییە لۆجیستییەکان هەمووی ئامادەن و دەڕۆین.
رووداو: تیمت ئامادە کردووە؟
نوورەدین عیسا: تیمەکەمان وەک گرووپێک دەڕۆین، هەڤاڵانی دیکەش هەن کە ئەرکیان گرتووەتە ئەستۆ، لەسەر داخوازی من پێکەوە بڕۆین باشترە.
رووداو: تیمێک کە پێشتر لە پارێزگاکەدا هەبووبێت، لەگەڵت کار دەکەن؟
نوورەدین عیسا: ئێستا ئێمە دەتوانین بڕۆینە قۆناخێکی دیکە. ئێستا جێگیریان دەکەین، وەک دەڵێن چاودێرییان دەکەین. رەنگە من تەنیا هەفتەیەک بێت بزانم شتێکی وا هەبێت، ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەین کە کێ هەبێت و چۆن بێت. بەڵام دەزانم بەرپرسیاریەتییەکی ویژدانییە لەسەر شانم.
رووداو: ئێستا تۆ دەبیتە پارێزگار.
نوورەدین عیسا: وا دەگوترێت.
رووداو: وایە، ئیدی تەواو. بڕیار دراوە، جەنەراڵ بڕیاری داوە. گۆڕانکارییەک لە ژیانتدا دروست دەبێ؟ دەبێت؟
نووردەین عیسا: لە چی بوارێکەوە؟
رووداو: لە هەموو بوارێکەوە. چونکە من هەمیشە تۆم بە جلوبەرگی سەربازییەوە بینیوە. تۆ ئەو جلوبەرگانە دادەنێیت؟
نوورەدین عیسا: پێموایە لە سەرەتای کارەکەمدا، من لەگەڵ سیڤیلەکاندا (مەدەنییەکان) باشتر بم بۆ خزمەتکردنی جڤاک. واتا زۆر جار هەندێک داواکاری هەبووە، لە ئاستی کاروباردا، یەکێک دەهات دەیگوت وەرە ئەو مامەڵەیە بکە، واتا من لە جڤاک دوور نەبووم، هەمیشە لە خزمەتی کاروباری خزمەتگوزاریدا بووم.
رووداو: گەلێک باشە. ئەو دەرگەیەی پارێزگا تۆ بۆ هەر کەسێک کراوەتەوە؟
نوورەدین عیسا: باشتر لە هی ماڵەوە. سوێند دەخۆم بە شەهیدان، دەرگەی ئێمە بۆ میللەت کراوەیە. کێ دەتوانێت رێگری لە جەماوەر بکات؟ تەنیا ئەوە نەبێت ئاگادارییان بکەینەوە. من ئەم سوێندە دەخۆم و پابەندی دەبم.
رووداو: وەڵاهی ماڵت ئاوا بێت. ئینشاڵڵا ئێمە دەیبینین.
نووردەین عیسا: پێشتر کردوومانە. پێویستە ئێمەش فیداکاری بکەین. قۆناخێکە پێویستە هەرچی وزە و تاقەتمان هەیە بەکاری بهێنین و لە بنەڕەتدا خزمەتی جڤاکی خۆمان بکەین. ئەگەر شتێک بۆ جڤاک نەکەین، وەک ئەوەیە هیچمان نەکردبێت، ئەگەر 100کوردستانیش ئاوەدان بکەینەوە. راستیی بڵێم، ئەو وڵاتەی تێیدای، کەرامەتت تێیدایە و سەربەرزیت تێیدایە، ئەو وڵاتەیە. پێویستە ئێمە وڵاتێکی لەو شێوەیە ئاوەدان بکەینەوە. بەو شێوەیەش کاری بۆ دەکەین.
رووداو: گەلێک سوپاس.
نوورەدین عیسا: سەر سەران.
رووداو: ماڵتئاوا بێت، لە ماڵی خۆت میوانت کردین. ئەگەر دەستبە ار بوویت وەک پارێزگاری حەسەکە، من دێم لە ئۆفیسەکەت سەردانت دەکەم. هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.
نوورەدین عیسا: سەر سەران و سەر چاوان. گەلێک دڵخۆش دەبین بێیت.
رووداو: هیوادارم سەرکەوتوو بیت لە کارەکەتدا. هەر هەبیت.
نوورەدین عیسا: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ