کوردستان
پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی. وێنە: رووداو
رووداو - هەولێر
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە درێژەی رێکارەکانی پشکنین بۆ گومانلێکراوان، لە پشکنینەکان کەسێکی دیکە لە شاری سلێمانی دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تووشبووەکە مامۆستایەکی ئایینییە، تەمەنی 70 ساڵانە و پێشنوێژ و گوتارخوێنە.
وەزیری تەندروستیی ئەوەشی گوت، ئەو مامۆستا ئایینییە دوای نەخۆشکەوتنی سەردانی پزیشکی کردووە و گومانی لێکراوە، پاشان دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان شەش نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن کە بە ناوە زانستییەکەی کۆڤید - 19 دەناسرێتەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرجەمیان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
هاوکات د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت، دڵنیا نین کە ئەو مامۆستا ئایینییە سەردانی ئێرانی کردووە یاخود نا، لە گۆڕانکارییەکان هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەنەوە
د. یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تەندروستیی تووشبووەکە ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ