کۆمەڵە بڕیاریدا بەشداری "هاوپەیمانیی کوردستان" بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڕیاریدا بە فەرمی بەشداری لە "هاوپەیمانیی کوردستان" بکات. دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی قۆناخەکە، ئەم بڕیارەیان داوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 بڵاویانکردەوە، دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان هەمیشە هەوڵیان بۆ یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان داوە.
 
کۆمەڵە لە راگەیەندراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ماوەی رابردوودا لە ناوەندی دیالۆگی نێوان هێزەکاندا بەشدار بوون و پێداگرییان لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردووە: "یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان" و "بەڕێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناخی راگوزەردا". بە گوتەی کۆمەڵە، ئەوان هێشتاش ئەو دوو بابەتە بە گرنگ دەزانن و لە داهاتووشدا لە نێو هاوپەیمانییەکەدا بە گفتوگۆ و دیالۆگی هاوڕێیانە کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەن.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەموومان دەبینین لە رۆژانی رابردوودا قۆناخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە؛ تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کاتێک رووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی رۆژهەڵاتی خستووەتە بەردەم هەلومەرجێکی هەستیار و مێژوویی، کە ئەوەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هاوبەش هەیە."
 
 دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی گوشاری دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردستان و بۆ بەهێزکردنی "یەکڕیزیی نێوماڵی کورد"، بڕیاریان داوە وەک ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی، بەشداری لە هاوپەیمانییەکەدا بکەن.
 
ئەم بڕیارەی کۆمەڵە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ یەکخستنی ریزەکانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر پێشهاتەکان و دۆخی سیاسی ئێران زیاتر بوون.
 
راگەیێندراوی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە سەبارەت بە بەشداری لە هاوپەیمانی کوردستان
 
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
دۆستان و دڵسۆزانی یەکگرتوویی گەلی کورد،
 
هەموان لە تێکۆشانی چەندەها ساڵەی ئێمە لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن. لە درێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدا بوو کە لە مانگەکانی رابردوودا بەشدارییەکی چڕ و پڕمان لە ناوەندی دیالۆگدا کرد. 
 
ئەوەشتان لێ شاراوە نییە کە ئێمە بە تایبەت لەسەر روونتر کردنەوەی زۆرتری دوو بابەت، واتا هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا پێداگریمان دکرد و  خوازیاری دیاریکردنی میکانیزمگەلی کردەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانە بووین. ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین.
 
بەڵام هەموان دەبینین کە لە رۆژانی رابروودا قۆناغێکی بەتەواوی نوێ هاتۆتە ئاراوە. تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی رۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە. 
 
هەروەها زۆرێک لە دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر رۆڵ و نەخشی کاریگەری کۆمەڵە لە پتەوترکردن و کارامەترکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دواون و داواکاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون. 
 
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە و لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵە هەمیشە ئەرکە مێژوویی و بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات.
 
بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران  
بژی کوردستان
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١٤ی هەتاویی
٤ی مارچی ٢٠٢٦ی زایینی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی ساتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر بنکەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پاوە و سنە

بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات بە چڕی بۆردوومان دەکرێن

لە بەردەوامیی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە پێی ناوەتەوە رۆژی پێنجەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە و مووشەک و درۆن ژمارەیەکی زۆر لە بنکەی ئەمنی و سەربازییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردە ئامانج