بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات بە چڕی بۆردوومان دەکرێن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەردەوامیی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە پێی ناوەتەوە رۆژی پێنجەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە و مووشەک و درۆن ژمارەیەکی زۆر لە بنکەی ئەمنی و سەربازییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردە ئامانج.
 
لە شەوی سێشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-03-2026، هێرش و بۆردوومانی بنکە و ناوەندە مووشەکی، سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو.
 
لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین بنکە و بارەگای هێزەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش، بەسیج، پۆلیس و پاسەوانی سنوور کرانە ئامانج و بە خەستی بۆردوومان کران.
 
 
هەروەها ئەمڕۆش لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ورمێ، کرماشان، بانە و سەردەشت ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان بۆردوومان کران
 
 
ورمێ
 
لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەندین جار ناوەندی شاری ورمێ بە فڕۆکە و مووشەک بۆردوومان کراوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییەی بۆ رووداو پشتڕاست بووەتەوە، پێگەیەکی هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە شەقامی عەمار کە دەکەوێتە گەڕەکی بەرق، هێرش کراوەتە سەر.
 
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە گەرەکی دانشگەدە و نزیک لە هۆتێل موروارید، بارەگای هەواڵگریی پۆلیسی ورمێ لە گەرەکی نۆ پلە و نزیک لە گۆڕەپانی مودەریس، قەرارگەی ناوەندیی ئەرتەش، نەخۆشخانەی ئەرتەش و فرۆشگەی ئێتکای تایبەت بە هێزە سەربازییەکان لە شەقامی ئەرتەش کراونەتە ئامانج.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆدا لە ورمێ حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
دەنگۆی بۆردوومانی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعات و باڵەخانەی دادگەی شۆڕشیش لەو شارە بڵاوبووەتەوە، بەڵام تاوەکو پشتراست نەکراوەتەوە.
 
شنۆ
 
لە شاری شنۆش، بارەگای فەرماندەیی سوپای پاسداران و ناوەندی هەواڵگریی سوپای پاسداران بۆردوومان کران. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە، باڵەخانەی ئیتڵاعاتی شارەکەش کرابێتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەبووەتەوە.
 
لە شارۆچکەی نەڵاس و گوندی نەڵیوانیش، بنکەکانی سوپای پاسداران کرایە ئامانج.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە شنۆ ماڵی کەسێکی ئاسایی بە مووشەک کراوەتە ئامانج و هەموو ئەندامانی خێزانەکە کوژراون.
 
سەردەشت
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین شوێنی سەر بە ئیتڵاعات و سوپای پاسداران لە نێو شاری سەردەشت بۆردوومان کران. تاوەکو ئێستا زیانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
 
 
کرماشان
 
لە پارێزگای کرماشانیش بۆردوومانی بنکە و بارەگەکانی سەر بە حکومەت و هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، باڵەخانەیەکی هێزەکانی پۆلیس لەسەر شەقامی 32 مەتری کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور کرا. باڵەخانەی پۆلیسی ئەلیکترۆنیی کرماشان ناسراو بە پۆلیسی فەتا و بنکەی پۆلیسی 12ی شارەکەش کە لە شوێنی بۆردوومانەکەوە نزیکن، زیانیان بەرکەوت.
 
هەروەها ناوچەی مەیدانی نەوت لە ناوەندی شاری کرماشان کرایە ئامانج، بەڵام دیار نییە ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە سەر بە کام هێز یان دامەزراوەیە و زیانەکانی چین.
 
لە شارەکانی پاوە و سەلاسی باوەجانیش لە هەمان پارێزگا، بنکەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج.
 
سنە
 
بۆردوومانکردنی ئامانجە سەربازی و ئەمنییەکان لە پارێزگای سنەش بەردەوامە.
 
بە پێی زانیارییە پشتراستکراوەکان، شاری بانە ئەمڕۆ بە چڕی بۆردوومان کراوە و دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە لە شارەکە بیستراوە.
 
ئەمڕۆ کاژێر 11:30 بەکاتی رۆژهەڵات (کاژێر 11:00 بە کاتی هەولێر) سەربازگەی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە گەڕەکی سۆغانای بانە کرایە ئامانج و سەرچاوەیەکی رووداو لە شارەکە دەڵێ، تاوەکو ئێستاش دووکەڵ لە شوێنی بۆردوومانەکە بەرزدەبێتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەهۆی بوونی کۆگای چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەکە زیاتر لە نیو کاژێر هەر دەنگی تەقینەوە لەناو سەربازگەکە دەبیسترا و تاوەکو ئێستاش دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێگەیەکی سوپای پاسداران لە شاری سەقزیش هێرش کرایە سەر.
 
بە پێی زانیارییەکان، بنکەی سوپای حەنزەلە کە دەکەوێتە بەرامبەر نەخۆشخانەی شیفا لە گەرەکی زانکۆ و لە مەیدانی موکریانەوە نزیکە، بە سەختی بۆردوومان کراوە.
 
شەوی سێشەممە، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سنە لە گۆڕەپانی (12ـی فەروەردین) لەنێو شاری سنە چەند جار کرایە ئامانج. هەروەها ئامانجێک لە (شارۆچکەی سەعدی)ـی شارەکە بۆردوومان کرا.
 
هەر ئەمڕۆ، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران، بنکەیەکی بەسیج و بنکەی پۆلیسی ژمارە 14 لە گەڕەکی (شارۆچکەی بەهاران)ـی سنە بۆردوومان کران.
 
هەروەها لە شاری بیجاریش لە پارێزگای سنە تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت چ شوێنێک کراوەتە ئامانج.
 
بەهۆی پچڕانی زیاتری هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و هێڵەکانی مۆبایل، گەیشتنی هەواڵ لە نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرەوە زۆر زەحمەت بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

فەرەنسا هاوسۆزی و پشتگیری بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەری

سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێگەیشت. وەزیرەکەی فەرەنسا "هاوسۆزی و پشتگیریی" بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە