موسەننا ئەمین: پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کەموکوڕی زۆری تێدایە

04-04-2023
شیراز رەئوف
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ موسەنا ئەمین، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ موسەنا ئەمین، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە رۆڵی دەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و بودجە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە عێراق. هاوکات نیگەرانیش دەردەبڕێت کە "هەندێک لایەن تەنیا نووسراوێکیان کردووە و ئێستا خۆیان دەکەن بە خاوەنی دۆسیەی هەڵەبجە"، لەکاتێکدا ئەم دۆسیەیە لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانیش کاری لەسەرکراوە. 
 
موسەنا ئەمین، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: هەندێک لایەن تەنیا نووسراوێکیان کردووە و دەیانەوێت خۆیان بکەنە خاوەنی دۆسیەی هەڵەبجە، لەکاتێکدا تا دوا خولەکەکان نوێنەرانی کورد کاریان لەسەر ئەم دۆسیەیە کردووە.
 
لە خولی رابردوودا، بەگوتەی موسەنا ئەمین، دەتوانرا یاسا بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەربکرێت و سەرۆککۆمار دەیتوانی مەرسوومی بۆ دەربکات، چونکە بەپێی دەستوور یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان شەرعییەتی دەستووریی هەیە لە عێراقدا، بەڵام ئاستەنگی سیاسی بۆ دروستکرا و پرسی هەڵەبجە تێکەڵی بەپارێزگابوونی تەلەعفەر و دووزخوورماتوو کرا، ئێستاش مەترسیی هەیە لە خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان بە پرۆژەیاساکە ئاستەنگی سیاسیی بۆ دروستبکرێت."
 
پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "کەموکوڕی زۆری تێدایە، نوێنەرانی کورد پێویستە هەوڵ بدەن لە خوێندنەوەی دووەمدا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندی بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پشکی هەڵەبجەوە هەیە." 
 
پێشتر تورهان موفتی، وەزیری پێشووی دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکان لە عێراق کە ئێستا راوێژکاریی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: لە ساڵی 2013ەوە بیرۆکەی پارێزگای هەڵەبجە هەیە، چونکە ساڵی 2013 ئەوان پرۆژەیەکیان هەبوو بۆ دابەشکردنی عێراق بەسەر 33 پارێزگەدا و لە نێویشیاندا پارێزگای هەڵەبجە و چەمچەماڵ و زاخۆ هەبوون. 
 
تورهان موفتی باسی لەوەش کرد، پارێزگای هەڵەبجە وابەستەی پارێزگای تەلەعفەر کرابوو لەو سەردەمەدا و بەیەکەوە نێردران بۆ پەرلەمان، بەڵام سیاسییەکانی نەینەوا بەهۆی تەلەعفەرەوە دژی هەڵەبجەش وەستانەوە و نەیانویست پارێزگای نوێ لە عێراق دروست بکرێت و ترسیان هەبوو لە دابەشبوونی پارێزگای نەینەوا و تێکچوونی هاوسەنگییەکان.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ـی ئاداری 2023، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. بەپێی پڕۆژەیاساکە "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سنووری پارێزگاکە و یەکە کارگێڕییەکانی دەستنیشان دەکات."
 
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد. 
 
ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن، بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.