رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی دەڵێت: "کوردی فەیلی بەهۆی کوردبوونەوە رووبەڕووی چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژیی بوونەوە".
ئەمڕۆ شەممە، چواری نیسانی 2026، لە 46ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە "رۆژێکی جەمناک" لە "ساڵنامەی گەلی کوردستان" ناوی دەبات.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات، "كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی رژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ رەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیان هەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێک لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی رێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا".
سەرۆک بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکاتەوە".
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
کوردی / عربي
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی فەیلیە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە. كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیانهەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێك لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا.
لەیادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات. لەو یادەدا ڕۆڵی تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەرگیز لەیاد ناكرێت و كوردی فەیلی هەمیشە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.
مسعود بارزانی
4ی نیسانی 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ