رووداو دیجیتاڵ
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کراون، 635 مووشەک و درۆنی تێپەڕاند و زیاتر لە 500 درۆن و مووشەکیان بۆ سەر هەولێر و دەوروبەری بووە.
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ، 4ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 638 مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەری، لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
هێرشەکان بە گوێرەی پارێزگاکان
- پارێزگای هەولێر: 507 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی: 104 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 25 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان:
نوێترین هێرشەکان:
- لەنێوان کاژێر 01:50ی بەرەبەیان بۆ 01:55ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، حەوت درۆن لە ئاسمانی هەولێر و نزیک فڕۆکەخانە تێکشکێندران.
- لە نێوان کاژێر 02:00ی بەرەبەیان بۆ 02:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێ درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران.
- بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەنگێکی بەهێز لە سنووری کۆیە بیسترا، دیارنییە مووشەک بووە یان درۆن.
- بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ دەنگی بەهێز لە سنووری قەزای چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیستران. بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە بە رووداوی گوت: "لە شوێنی ئاوەدانی نەکەوتووە و پێدەچێ لە چۆڵەوانی دابێت، ئەگەرێکیش هەیە لە دیوی ئێرانەوە بووبێ".
- نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمرۆ، دەنگێکی گەورە لە سلێمانی بیسترا، لایەنە ئەمنییەکان ئاشکرایان نەکردووە، کە مووشەک بووە یان درۆن.
- نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارەی دوێنێ هەینی، سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە حەوت مووشەک و دوو درۆن هێرش کراوەتەسەر کەمپی ئازادیی لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زیانی گیانی نەبووە".
قوربانیی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ