رووداو دیجیتاڵ
یەکەم بەرزەپرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە شاری کەلار کرایەوە. سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێت، سێ بەرزە پردی دیکە لە پلاندان.
درێژیی بەرزەپردەکە 900 مەترە و زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر بەردی بناخەی دانرا، ئەمڕۆ 4ـی ئایاری 2025 بە فەرمی بە رووی شۆفێراندا کرایەوە.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمیی بودجە و گۆڕان لە دیزانی پڕۆژەکەدا کارەکانی دواخست، دەنا دەبوو زووتر بکرێتەوە".
پرۆژەکە 98٪ـی کارەکانی تەواو کراوە. سەرۆکی شارەوانی کەلار گوتی: "ئێستا ئاراستەکانی چوون و هاتنی بەرزەپردەکە تەواو بوون و هەربۆیە کراوەتەوە؛ ژێرەوەی پردەکە ماوە کە ئەویش لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە".
بودجەی پرۆژەکە 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە و دەبێتە یەکەم بەرزەپردی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
ئەکرەم ساڵح گوتی: "شوێنی پردەکە دەکەوێتە شەقامی 60 مەتریی کەلار و زۆرینەی ناوچەکانی سنوورەکە پێکەوە گرێدەدات؛ ئامانج لە هەڵبژاردنی ئەو شوێنە بۆ پردەکە نەهێشتی قەرەباڵخییە لەو یەکتربڕەدا".
سەرۆکی شارەوانی کەلار ئاماژەی بەوەشکرد، شارەکەیان پێویستی بە حەوت بەرزەپردی دیکەیە بۆ نەهێشتنی ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ.
هەرچەند بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە، سێ بەرزەپردی دیکە لە پلانی شارەوانیی کەلاردان. لەبارەی شوێنەکانیانەوە سەرۆکی شارەوانی گوتی، یەکێکیان نزیک زانکۆی گەرمیانە، یەکێکی دیکەیان لە دەروازەی کەلارە لە گەڕەکی گردەگۆزینە و ئەوی دیکەش لای فولکەی پیشەسازیی کەلار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ