رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە بۆکان بەهۆی شێوازی جلوبەرگی میوانەکانی لە رێوڕەسمی زەماوەندی کوڕەکەی دەستبەسەر کرا.
هێزە ئەمنییەکان رۆژی شەممە 03-05-2025 ئیبراهیم مەردانی، کاسبکاری خەڵکی بۆکانیان لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەرکرد.
رێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا دەڵێت، دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییە بەهۆی ئەوە بووە کە بەشێک لە میوانەکانی لە رێوڕەسمی زەماوەندی کوڕەکەیدا جلوبەرگی کوردی بە رەنگی خاکییان لەبەرکردووە و جامانەیان لەسەرناوە.
رۆژی هەینی ڤیدیۆی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە بۆکان بڵاوکرایەوە کە بەشێکی بەرچاو لە پیاوانی نێو ئاهەنگەکە جلوبەرگی کوردی بە رەنگی خاکییان لەبەردا بوو و جامانەیان لەسەر نابوو.
لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردیی رەنگی خاکی و لەسەرنان و لەملکردنی جامانە ئەم ساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بوو و خەڵکێکی زۆر بەم جلوبەرگەوە بەتایبەت بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەم ساڵدا کرد. ئەوەش دوای ئەوە هات، لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا 58 هاونیشتمانی شارەکانی پیرانشار، بۆکان و مهاباد بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەدا لە پیرانشار بانگکرانە دادگە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ