رووداو دیجیتاڵ
چەند پارتێکی كوردستانی دەڵێن، هەوڵێك هەیە تاوەكو هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن. پارتی یەک لیستی بە "گرنگ" دەزانێت و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت: "گفتوگۆ بۆ یەک لیستی هەیە."
کۆمەڵی دادگەری: هەوڵەکانمان بۆ یەک لیستی دەستپێکردووە
رۆژی یەكشەممە، 4ـی ئایاری 2025، عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هەوڵەكەمان دەستپێكردووە، بۆ بەرژەوەندی هەموو كورد لە هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەوڵێك هەیە بۆ كۆكردنەوەی زۆربەی لایەنەكان جگە لە یەكێتی و پارتی بۆ ئەوەی بە یەك لیست لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، بڕیارە بە زووترین كات كۆبوونەوەكە بكرێت".
وەك ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "ئەگەر هەموو لایەنەكان رازیبوون و كێشەیان نەبوو بۆ بەرژەوەندی كورد لە ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لەوانەیە لەگەڵ یەكێتی و پارتیش بەشداری بكەین."
رەوتی هەڵوێست: ناچینە لیستێک پارتی و یەکێتی تێدابێت
رێبوار كەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، "گفتوگۆیەك دەستیپێكردووە، بۆ كۆبوونەوەی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكان، تاوەكو بەیەكەوە بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، بەڵام ئەگەر یەكێتی و پارتی تێدابێت بە هیچ شێوەیەك ئێمە بەشداری ناكەین."
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست گوتی، ئێمە ئۆپۆزیسیۆنەكان بەیەكەوە بەشداری دەكەین، یەكێتی و پارتیش با بەیەكەوە بەشداری بكەن، تاوەكو ئێستا گفتوگۆمان هەبووە بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان ئەوەیش بەبێ بەشداری یەكێتی و پارتی.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو، نەوەی نوێش بە یەك لیست لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات.
یەکگرتوو: لە بەرژەوەندی كوردستانە كە هەموو لایەنەكان بە یەك لیست بەشداربن
خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی كارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە رووداوی گوت، بیرۆكەیەکی وا هەیە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە زۆربەی لایەنەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، "بەڵام من وای بە باش دەزانم لە بەرژەوەندی کوردستانە کە هەموو لایەنەکان بە یەکێتی و پارتیشەوە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بن."
ئەندامی كارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی باسی لەوەكرد، ئەوە باشترین رێگە چارەیە تاوەكو دەنگی كورد پەرتەوازە نەبێت.
پارتی: داوای یەک لیستی بکرێت ئێمە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین
ئەمڕۆ ئەشواق جاف لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ هەڵبژاردنی عێراق، زۆر گرنگە كورد بە یەك لیست بەشداری بكات، چونكە لەو هەڵبژاردنە كورد پێشبڕكێ لەگەڵ لایەنی غەیرە كورد دەكات لەو سنوورە، بۆیە یەك دەنگیش بۆ كورد زۆرە، گفتوگۆكردنی لایەنەكان لەسەر یەك لیستی گرنگە، هەرکاتێک داواکارییەک بێت بۆ ئێمە وەکو سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆی دەکەین و بڕیاری خۆمانی لەبارەوە دەدەین".
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ