نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لەڕێگەی بەرنامەی رەنجەوە کۆکرایەوە

30 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕی ئەو هاوکارییەی لەڕێگەی بەرنامەی رەنج سەنگاوی لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کۆکرایەوە گەیشتە نزیکەی 7 ملیار دیناری عێراقی، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 16-12-2025 د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی چەمچەماڵی کرد و هاوکاری و کۆمەکی بۆ سنوورەکە برد. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14-12-2025، کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر، رەنج سەنگاوی بۆ پێشکێشکردنی بەرنامەی هەفتانەی خۆی (لەگەڵ رەنج) لەسەر شاشەی رووداو دەرکەوت و گوتی: "بەرنامەی ئەمڕۆ لەگەڵ رەنج نییە، بەڵکو لەگەڵ خەڵکە."
 
دوای تەواوبوونی بەرنامەکە، هاونیشتمانیان داوایان کرد رەنج بگەڕێتەوە ستۆدیۆ و درێژە بە بەرنامەکەی بدات. دوای تێپەڕینی دوو کاژێر، بڕی 5 ملیار و 887 ملیۆن و 870 هەزار دینار کۆکرایەوە.
 
1.2 ملیار دینار بە جارێک؛ 1 ملیار دیناری دیکە بە جارێکی دیکە 
 
یەکەم میوانی بەرنامەی رەنج، فارووقی مەلا مەستەفا، گەورە سەرمایەداری هەرێمی کوردستان بوو. 
 
فارووقی مەلا مستەفا، لەبارەی هەستی خۆیەوە بە رەنج سەنگاوی گوت: "هەستی من، هەستی هەموو هاووڵاتی و نیشتمانپەروەرێک بوو، ئەو کەسەی کە وڵاتی خۆی خۆشبوێ و لە بەرەوپێش چووندا هاوکار بووبێت."
 
فارووقی مەلا مستەفا رایگەیاند، یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار بە زیانلێکەوتووان دەبەخشێت  و باسی ناخۆشترین ئەو دیمەنانەشی کرد کە لەکاتی کارەساتەکە بینیویەتی و گوتی: "هەموو دیمەنەکان ناخۆشبوون؛ ناخۆشترین ئەوەبوو کە ماڵێک بە گڵ دروستکرابوو و خۆیان ژیانیان باش نییە. یان ئەوانەی مانگایەک یان دووانیان هەیە و لافاو بردوونی."
 
یەکێکی دیکە لە میوانەکانی رەنج سەنگاوی، شێخ فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان بوو، ئەویش لەنێو بەرنامەکەدا رایگەیاند کە یەک ملیار دینار دەبەخشێت.
 
950 ملیۆن دینار
 
نەجمەدینی حاجی محێدین، یەکێکی دیکە بوو لەو سەرمایەدارانەی کە بەدەم بانگەوازەکەی رەنج سەنگاوییەوە چوو و لە بەرنامەکەدا میوان بوو.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە؛ خۆشبەختانە شانسی ئەوەم هەبووە لە هەموو کەمپەینێکی جەنابتان بەشداربم".
 
نەجمەدینی حاجی محێدین 200 ملیۆن دیناری بەخشی.
 
بۆتان بامۆکی، نوێنەری کۆمپانیاکانی هەڵەبجە گرووپ، یەکێکی دیکە بوو لە سەرمایەدارەکان و میوانەکانی رەنج سەنگاوی. ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: "دیمەنی یارەمەتیدانی قوتابیان کە نەیاندەتوانی بپەڕنەوە زۆر کاریگەربوو، یان هاونیشتمانییەک کە بە پیکەبێک رزگاری دەکەن."
 
بۆتان بامۆکی 300 ملیۆن دیناری بە زیانلێکەوتووان بەخشی.
 
حاجی فەرمان، راوێژکاری یاسایی گرووپی کۆمپانیاکانی کۆڵەکیش، لە هەڵمەتە خێرخوازییەکەدا بەشداربوو و لە بەرنامەکەدا گوتی: "لە ناخی دڵەوە دڵتەنگین، بەڵام لەگەڵ کاری خودا هیچ ناکرێ. ئەوەی بە ئێمە بکرێت هاوکار دەبین بۆ ئەو خێزانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە."
 
حاجی فەرمان 100 ملیۆن دیناری بە زیانلێکەوتووان بەخشی.
 
هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵاش بە دەم بانگەوازەکەی رەنجەوە هات و  100 ملیۆن دیناری بەخشی. لە بەرنامەکەدا رەنج سەنگاوی پەیامێکی بۆ نارد و گوتی: "خەڵک بیرت دەکات خارە، هیوادارم بە زووترین کات یەک ببینین و بەرنامەیەکی جوان بکەین."
 
هونەرمەندی گەنج، ئاگرین دڵشادیش بڕی 250 ملیۆن دیناری بە زیانلێکەوتووان بەخشی.
 
"ناوم ئاشکرا مەکەن"
 
چەندین بازرگان، هونەرمەند و کەسایەتی، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەوەی لە رێگەی رەنجەوە هاوکاری خەڵکی زیانلێکەوتوو بکەن. 
 
خێرخوازێک بڕی 250 ملیۆن دیناری بەخشی و نەیهێشت ناوی بهێنرێ؛ هاونیشتمانییەکی دیکە 10 ملیۆن دیناری بەخشی لەپێناو ئەوەی خەڵک نزای خێر بۆ باوکە نەخۆشەکەی بکەن.
 
هەر لە بەرنامەکەدا هاونیشتمانییەک پەیوەندی بە رەنج سەنگاوییە کرد و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشی، بەبێ ئەوەی رێگە بدات رەنج ناوەکەی ئاشکرا بکات.
 
کۆمپانیای ئای کیو 100 ملیۆن دینار، مستەفا خالید خۆشناو 100 ملیۆن دینار، خێرخوازێک 100 سۆپا، حاجی خەیروڵڵا 10 ملیۆن دینار، کۆمپانیای چۆمان لە سلێمانی 300 تۆن چیمەنتۆ، گرووپی کۆمپانیاکانی یەعقوب 100 ملیۆن دیناریان بەخشی و شەش هەزار ماڵبات کە منداڵیان لە قوتابخانەی شوەیفاتە، بەهۆی بەرنامەی لەگەڵ رەنجەوە هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکەن.
 
سەدان ملیۆنی دیکە
 
جەلال جەمال پێنجوێنی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی پێنجوێن لە ئیماراتەوە، پەیوەندی بە رەنج سەنگاوییەوە کرد. رەنج گوتی: "لەبەر خەڵک و تۆ گەڕامەوە ستۆدیۆ؛ هەمیشە جەنابتان لە کاتی رووداو و کارەساتە ناخۆشەکان دەبینم کە هاوکاری دەکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو."
 
جەلال جەمال پێنجوێنیش گوتی: "بڕی 400 ملیۆن دینار دەبەخشم و 400 ملیۆنی دیکە بە خەڵکی پیرەمەگروون دەبەخشم."
 
بەشێک لەو کۆمپانیا و هاونیشتمانییانەی کە هاوکارییان پێشکێش کرد.
 
سۆران سابیر، یەک ترێلە چیمەنتۆ؛ رێباز حەسەن، خاوەنی کۆمپانیای فۆر سکوڵ 2 ملیۆن دینار و هەزار پارچە جلی منداڵان؛ شەریفی حاجی رەسووڵی سەفرە 75 ملیۆن دینار؛ کۆمپانیاکانی چۆمان، 150 تۆن چیمەنتۆ؛ شیخ سیراجەدین نەقشبەندی، 5 ملیۆن دینار و جاسم دووزی، 10 ملیۆن دیناری بەخشی.
 
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا مووچەی مانگێکی خۆی بەخشی و گوتیشی، بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی ناوچەکە دەکات بۆ گەیاندنی بڕێکی زیاتری هاوکاری.
 
ئەمە جگە لە دەیان هاونیشتمانی دیکە کە بە بڕی جیاواز جیاواز بەشداربوون و کۆی پارەکەیان گەیاندە 5 ملیار و 887 ملیۆن و 870 هەزار دینار.
 
رۆژی دووەم: نزیکەی 7 ملیار دینار
 
بۆ شەوی دووەم رەنج لەسەر شاشە بۆ نیو کاژێر دەرکەوتەوە، دوای تەواوبوونی بەرنامەی دووەمی. کۆی گشتیی پارە کۆکراوەکەی هەردوو رۆژ گەیشتە 6 ملیار و 887 ملیۆن و 870 دینار. 
 
رەنج سەنگاوی رایگەیاند، تەواوی ئەو هاوکارییانەی کۆدەکرێنەوە، لەڕێی لیژنەیەکی تایبەت، دەستەی دەستپاکی و دەستەی مافی مرۆڤەوە دابەش دەکرێن و دەگەیەنرێنە شوێنی مەبەست.
 
مەریوان حاجی جەمال کە سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری سلێمانییە، پەیوەندی بە بەرنامەکەوە کرد و 500 ملیۆن دیناری بەخشی.
 
سەردار فەقێ محەممەد زەنگەنە، کەسایەتیی ناسراوی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بەرنامەکەوە کرد و بڕی 100 ملیۆن دیناری بەخشی.
 
هیمداد حەمید، خاوەنی کۆمپانیای سولی میدیا کە خۆشی خەڵکی چەمچەماڵە 100 ملیۆن دیناری بەخشی.
 
سالار فەقێ محەممەد زەنگەنە، بازرگانی دیاری چەمچەماڵ پەیوەندی کرد و بڕی 100 ملیۆن دیناری لەڕێی رووداوەوە بەخشی.
 
بۆ رۆژی دواتر، واتە سێشەممە 16-11-2025 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و هاوکاری و کۆمەکی گەیاندە سنوورەکە و رایگەیاند: "هاتنمان بۆ چەمچەماڵ دڵنیایی دانە بە خەڵکی چەمچەماڵ کە هاونیشتمانییان لێرە تەنیا نین و هەموومان لەگەڵیانین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 ملیۆن دینار کۆمەک و هاوکاریی گەیاندووەتە چەمچەماڵ و زانکۆی چەرموو؛ باسی لەوەشکرد: "وەزیر لە کەمپەینەکەی رەنج سەنگاویدا بەڵێنی دا نیوەی هاوکارییەکە پارە و نیوەکەی دیکەی کەلوپەل بێ."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.