رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری، رەزامەندی لەسەر لێخۆشبوونی نیوەی قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندن دەربڕی. بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپی وەزارەتەکە دەڵێت: "کۆی قەرزی کەناڵە میدیاییەکان زیاتر لە 2 ملیار دینارە."
رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو میدیاکان دەبێت پارەی مۆڵەتی ساڵانە بدەن. بۆ کەناڵی مانگە دەستکردەکان 10 ملیۆنە، سەرتاسەرییەکان 6 ملیۆن و لۆکاڵییەکان لەسەر ئاستی شارێک 4 ملیۆنە کە لە سێ ساڵەوە هەیانە تاوەکو 6 ساڵ قەرزارن."
بە گوتەی شێروان عەوڵا، لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن: "لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو (رادیۆ)، 132 کەناڵ قەرزاری حکومەتن. لە کۆی 126 کەناڵی بینراو (تەلەڤزیۆن)یش، 94 کەناڵ قەرزاری حکومەتن."
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری گوتی: "کۆی گشتیی قەرزی هەموو میدیاکان زیاتر لە 2 ملیار دینارە. ئەگەر مانگی داهاتوو قەرزەکەیان بیدەنەوە، تەنیا نیوەی دەدەنەوە، نەک هەمووی."
وەزارەتی رۆشنبیری لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و هاوکاریکردنی کەناڵەکانی راگەیاندن، داواکارییەکمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ لێخۆشبوون لە قەرزەکان و خۆشبەختانە حکومەت رەزامەندیی دەربڕی."
بەگوێرەی نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ژمارە (1524)ـی لەسەرە، وەڵامی داواکارییەکی وەزارەتی رۆشنبیری دراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "رەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون بە 50% لەو قەرزانەی کەوتووەتە ئەستۆی میدیاکان."
بەڵام بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران مەرجێکی تێدایە و دەڵێ: "دەبێت گشت کەناڵەکان پابەندبن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە یەک مانگدا. لە ئەگەری پابەندنەبوونیان، سزای دواکەوتن دێتە سەر قەرزەکانیان."
پێشتر حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بە نووسراوی ژمارە (1683) لە 28-05-2025 داوای ئەو لێخۆشبوونەی کردبوو. لە داواکارییەکەدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو داواکارییە "بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزی میدیا بینراو و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەو دۆخە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەمبوونەوەی رێکلام بۆ میدیاکان، بەوپێیەی ئێستا زیاتر لە سۆشیاڵ میدیاوە رێکلام بۆ کاڵاکان دەکرێ."
وەزارەتی رۆشنبیری داوا لە میدیاکان دەکات لە مانگێکدا قەرزەکەیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی بۆ ئەوەی بڕیارەکە بیانگرێتەوە و نیوەی قەرزەکەیان لێخۆشبوون بیگرێتەوە و رایگەیاند، "بەپێچەوانەوە دواتر سزای دواکەوتن دەچێتە سەر قەرزەکانیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ