رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی تۆپزاوای کەرکووک دژ بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان، لە خۆپێشاندان بەردەوامن. سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بۆ بەرگری لە مافی جووتیاران، پارێزەریان بۆ دەگرن و لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 04-06-2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دەستەی کوردستانی، لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە لەگەڵ شاندێکی جووتیارانی تۆپزاوا کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی لە رووی پراکتیکییەوە و لە دەرەوەی میدیا، بۆ چارەسەری کێشەی زەویوزار هەنگاو بنرێت.
سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر چەندین هەزار دۆنم زەویدا بگرێت بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، لەکاتێکدا سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێت.
جووتیاران خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوییانە دەزانن و تاپۆی رەشی سەردەمی عوسمانییان هەیە و دەڵێن، تاوەکو دەست لە زەوییەکانیان هەڵنەگیرێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، شەقام چۆڵ ناکەن و درێژە بە خۆپێشاندانەکە دەدەن.
فەهمی بورهان ئاماژەی بەوە کرد، ''تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نیازێکی جیدی بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور نییە و کار بەو بڕیارانە دەکرێت کە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ 50 ساڵ لەمەوبەر، بۆیە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بین کە گرفتەکان قووڵتر ببنەوە.''
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە هەوڵی سوپای عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران، مەبەستێکی سیاسی لە پشتە و شتێک نییە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی داد یان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەدا بێت.
فەهمی بورهان باس لەوەش دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە لە کارنامەی محەممەد شیاع سوودانیدا باشترین رێککەوتنی سیاسی بۆ کاراکردنەوەی ماددەی 140ی دەستوور لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا و هەنگاویشی بۆ نراوە، بەڵام دووبارە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵیت، هەموو هەوڵێک لەلایەن ئەوانەوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و پاراستنی مافی جووتیاران لە تۆپزاوا و ناوچە کێشە لەسەرەکان دراوە، ''ئەوەی کە ماوەتەوە، هەوڵی سەرکردە سیاسییەکانی کوردە.''
ئەو بڕیارەی کە کاری پێدەکرێت و بەو پاساوە دەست بەسەر زەویی جووتیاراندا دەگیرێت، هی سەردەمی رژێمی رووخێنراوی بەعسە. فەهمی بورهان لەوبارەوە دەڵێت، هەندێک لەو بڕیارانە بۆ هەموو ناوچەکانی عێراقن، بەڵام تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکان کاریان پێدەکرێت، ''بۆچی رۆژێک گوێمان لێ نابێت لە نێوەڕاستی عێراق کار بەو بڕیارانە بکرێت، ئەوە سیاسەتێکی خراپە و ئارامی لە ناوچەکە دەشێوێنێت.''
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات، ئەگەر ئەو ناوچەیە ئارام نەبێتەوە، رەنگە دواتر گرفت بۆ هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان دروست بێت: ''ئەوە لەکاتێکدایە هەموو ئەو هەنگاوانەی بۆ چارەسەری گرفتەکە و جێبەجێکردنی مادەی 140 پێویستن، نراون.''
یەکێک لە جووتیاران بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی سوپای عێراق هاتوونەتە سەر زەوییەکانیان، وەکو کرێ و سزا داوای 200 ملیۆن دیناریش دەکەن. سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی: ''هەوڵێک دراوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەکلاکردنەوەی زەویوزاری تۆپزاوا تاوەکو دوو مانگی داهاتوو رابگیرێت، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە، بەڵام وەکو خۆم زۆری ئومێد لەسەر هەڵنابەستم.''
فەهمی بورهان دەڵێت وەکو دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرگری لە مافی جووتیاران، لەسەر خەرجی حکومەت، پارێزەریان بۆ دەگرن و لەو رێگەیەوە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن.
فەهمی بورهان بۆ چارەسەری گرفتەکانی تایبەت بە زەویی جووتیاران و مادەی 140ی دەستوور جەخت لەوە دەکاتەوە، ''دەبێ لە رووی یاساییەوە هەوڵ بدرێت و پەیوەندییەکانی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی کێشەکانی رۆژانەی خەڵک چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر لە رووی سیاسییەوە لای حکومەتی نوێی عێراق ئەم قەناعەتە دروست نەبێت، ئەم هەنگاوانە وەڵامدەر نابن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ